رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای هەر پەیوەندییەکی سۆزداری لەوەوە دەستپێدەکات کە کەسەکان دەیانەوێت لە حەز و خولیاکانی بەرامبەر بکۆڵنەوە و تێگەیشتنیان بۆ یەکدی زیاتر ببێت.
رەنگە بۆ زۆربەمان بیروبۆچوونی سیاسی لە پەیوەندی سۆزداریدا گرنگییەکی ئەوتۆی نەبێت، بەڵام ئەمە بۆ دوو هاووڵاتی ئەمریکی کە لە پەیوەندی سۆزداریدابن جیاوازە. لەوێ بیروبۆچوونی سیاسی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکان دروست کردووە.
ئەماندا، هاووڵاتیی ئەمریکییە و دەڵێت، "ئەگەر تۆ بیروبۆچوونێکی جیاوازت لەوەی بەرامبەرت هەیە، یان بەشێوەیەکی دیکە تۆ چەپ و ئەو راست بێت، بەڕاستی ناتوانیت درێژە بەم پەیوەندییە بدەی؛ جیاوازیی بیروڕای سیاسی دەتوانێت دوو کەس لەیەکدی بکات."
ئەوانەی لە دیموکراتەکانەوە نزیکن حەز دەکەن کەسێکی دیموکرات ببێت بە خۆشەویست یان هاوژینیان و ئەوانەشی کۆمارین بەهەمانشێوە.
بەگوێرەی نوێترین توێژینەوە، دەرکەوتووە زیاتر لە 60٪ـی ئەمریکییەکان لە پەیوەندیی سۆزداریدا گرنگی بە تێڕوانینی سیاسی بەرامبەرەکەیان دەدەن، هەروەها 80٪ـی دیموکراتەکان ئامادەنین هاوسەرگیری لەگەڵ لایەنگرێکی ترەمپدا بکەن.
هاوسەرگیریکردنی نێوان لایەنگرانی کۆماری و دیموکراتەکان تەنیا 4٪ـی ئەو هاوسەرگیرییانە پێکدەهێنێت کە لە ئەمریکدا دەکرێن.
کەیتی، کاری نێوەندگیریی هاوسەرگیرییە، دەڵێت: "ژوانبەستن پەیوەندی بە بەها سەرەکییەکانی کەسەکە خۆیەوە هەیە، کە بیروبۆچوونی سیاسی یەکێکە لەوانە؛ من پێموایە خەڵک دەبێت لەگەڵ ئەو کەسانە ژوان ببەستن کە هەمان بیروبۆچوونیان هەیە."
ئەو ئەپلیکەیشنانەی لە ئەمریکا بۆ دۆزینەوەی خۆشەویست و دۆست هەن، رێگە بە بەکارهێنەرانیان دەدەن ئاسانتر ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە بیروبۆچوونی سیاسییان لێیانەوە نزیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ