رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هیندستان و پاکستان کرد، رێوشوێنی دەستبەجێ بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەستپێکردنی دیالۆگ، داوای لە ئیسلام ئابادیش کرد هەموو پشتیوانییەک بۆ "گرووپە تیرۆریستەکان" رابگرێت.
رۆژی پێنجشەممە 08-05-2025 مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کرد و دواتر پەیوەندیی بە سوبرامانیام جەیشەنکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، روبیۆ "جەختی لە پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکان کردەوە. ئەو پشتیوانیی ئەمریکای بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەنێوان هیندستان و پاکستان دەربڕی، هانی دوو وڵاتەکەی دا هەوڵی بەردەوام بدەن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان."
چەند رۆژێکە دوو زلهێزەکەی ئاسیا و هەڵگری چەکی ئەتۆم رووبەڕووی یەک بوونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەسەر کوژرانی 26 گەشتیار لە کشمیری بەشی هیندستان، نیو دەلهی پەنجەی تاوانی بۆ ئیسلام ئاباد درێژکرد و پاکستانیش رەتی کردەوە.
26 گەشتیارەکە زۆربەیان هیندۆس بوون، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە کوژران کە سەر بە هەردوو گرووپی (لەشکری تەیبە و جەیشی محەممەد) بوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ شەریف، روبیۆ جەختی کردەوە "پاکستان رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ ئەوەی کۆتایی بە پشتیوانییان بۆ هەموو گرووپە تیرۆریستەکان بهێنێت."
دوای کوژرانی ئەو 26 گەشتیارە، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، حەوتی ئایاری 2025، وەزارەتی بەرگریی هیندستان رایگەیاند: "کەمێک لەمەوبەر ئۆپەراسیۆنی سندوور" مان دەستپێکرد و 9 ژێرخانی تیرۆریستانمان لە ناوچە داگیرکراوەکانی کشمیر و جاموو بەئامانج گرتن."
دوای هێرشەکە، شەهباز شەریف بەڵێنی دا کە "تۆڵە" لە هیندستان بکاتەوە.
بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی دوو رۆژی رابردووی ئەو دوو وڵاتە نەیارە مێژووییە، لانیکەم 44 کەس لە هەردوولا بوونەتە قوربانی. پاکستان رایگەیاندووە کە 31 کەسی سڤیل لە بۆردوومانەکانی هیندستان کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدا هیندستان رایگەیاندووە، لانیکەم 13 کەس بەهۆی تۆپبارانکردنی پاکستانەوە کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ