ئەمریکا دەستنیشانکردنی کەسێک وەکو فەرماندە لە لایەن دیمەشقەوە بە 'هەڵەیەکی گەورە' ناودەبات

09-05-2025
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا دامەزراندنی تۆمەتبارێکی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کوشتنی هەڤرین خەلەف، سیاسەتڤانی رۆژئاوای کوردستان، وەک فەرماندەی هێزی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە لایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە بە "هەڵەیەکی گەورە" ناودەبات. 
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا، رۆژی دووشەممەی رابردوو، فەرماندەی گرووپی چەکداری ناسراو بە (ئەحرار شەرقیە)ـی راسپارد کە ببێتە فەرماندەی فیرقەی 86 لە پارێزگاکانی دێرەزوور، رەققە و حەسەکە، لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
 
ناوی تەواوی عەقید ئەحمەد ئیحسان فەیاد هایس کە بە ئەبوو حاتەم شەقرا دەناسرێت. بە چەندین تاوانی دژی مافی مرۆڤ و کوشتن، لەنێویاندا کوشتنی هەڤرین خەلەف، سیاسەتڤانی رۆژئاوای کوردستان، تاوانبارە و لە لایەن ئەمریکاوە سزای خراوەتە سەر.
 
رۆژی پێنجشەممە، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە رووداوی گوت: "بڕیاری حکومەتی کاتی بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسە بۆ پۆستێکی فەرمی، لە کاتێکدا کە پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئەرکی بەزاندنی داعش، هەڵەیەکی گەورەیە کە ئەمریکا پشتیوانی لێ ناکات."
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەحمەد هایسی تۆمەتبارکردووە بەوەی سەرپەرشتی زیندانێکی گرووپی (ئەحرار شەرقیە)ی کردووە لە سنووری حەلەب، کە لە ساڵی 2018ـەوە، لەو زیندانەدا چەندین پێشێلکاری دژی مافەکانی مرۆڤ، کوشتن و ئەشکەنجەدان کراون.
 
یەکێک لەو تاوانانەی کە ئەبوو شەقرا پێی تۆمەتبار کراوە، تیرۆرکردنی سیاسەتڤانی کورد، هەڤرین خەلەف، سکرتێری پارتی موستەقبەل بوو، کە ئەو و حەوت هاوڕێی دیکەی لە تشرینی یەکەمی 2019 کوژران. واشنتن ئەو رووداوەی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی" دانا.
 
لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستانیش ناڕەزاییان لە بەرامبەر بڕیارەکەی دیمەشق دەربڕی. 
 
لە دوای ئەو بڕیارە، رۆکسان محەممەد، گوتەبێژی یەپەژە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دژی ئەم هەنگاوەی حکومەتی سووریا ناڕەزایی دەربڕی.
 
هاوکات نووسینگەی ژنانی (پارتی موستەقبەل) لە دیمەشق، لە راگەیێندراوێکدا، سەرکۆنەی بڕیارەکەی کرد.
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـش رایگەیاند، دامەزراندنی ئەبوو شەقرا، لە پۆستە هەستیارەکانی سووریا، هەنگاوێکی نەرێنییە و قبووڵ ناکرێت. 
 
هەروەها روونی کردووەتەوە، تاوانبارێک کە لەسەر ئاستی نێوخۆیی داوا کراوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سزا دراوە، پێویستە زیندانی بکرێت نەک پۆستی پێبدرێت.
 
ئەبوو حاتەم شەقرا کێیە؟
 
لە ساڵی 1987 لە گوندی دێرەزوور لەدایکبووە
کانوونی دووەمی 2016، گرووپی چەکداری بەناوی (ئەحرار شەرقیە) دامەزراند
تەمووزی 2021، ئەمریکا ناوی خستە لیستی تیرۆرەوە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە