رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هیندستان رایگەیاند، لە سێ شاری هاوسنووریان لەگەڵ پاکستان گەشتە ئاسمانییەکانی 24 فڕۆکەخانەیان هەڵوەشاندوونەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە رۆژ بە رۆژ گرژییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ پاکستان لە زیادبووندان و تاوەکو ئێستاش نزیکەی 50 کەس لە هەردوولا کوژراون.
حکومەتی هیندستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هەریەک لە شارەکانی جۆدهاپوور، لودهیانا و ئەمریتسار کە لە سنوورەکانی پاکستانەوە نزیکن گەشتەکانی 24 فڕۆکەخانەی مەدەنی هەڵوەشێندراونەتەوە.
هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەشتانە لەکاتێکدایە رۆژ بە رۆژ گرژییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ پاکستانی هاوسنووری لەبارەی کشمیرەوە زیاتر دەبن. بەو هۆیەوە پێرێش هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئایەر ئیندیا، ئیندیگۆ و سپایسجێت لانیکەم 100 گەشتی ئاسمانییان لە وڵاتەکەیان هەڵوەشاندەوە.
بەگوێرەی میدیای هیندستان، پێدەچێت رۆژی یەکشەممە گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەیان ئاسایی ببنەوە.
زیادبوونی گرژییەکانی نیودەلهی و ئیسلاماباد دوای ئەوە هات کە دوو هەفتە پێش ئێستا لەو بەشەی کشمیر کە لەژێر دەسەڵاتی هیندستانە گرووپێکی چەکدار هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی و 26 کەسیان کوشت. هیندستان، پاکستانی بە هاوکاریکردنی ئەو گرووپە تۆمەتبارکرد و ئەویش رەتیکردەوە.
هیندستان 55٪ و پاکستانیش 35٪ی کشمیریان لەژێر دەستە. لەو دوو هەفتەیەی زیادبوونی گرژییەکانی نێوانیان و پێکدادانەکاندا نزیکەی 50 کەس کوژراون.
بەهۆی رێکاری ئەمنییەوە ئەو کۆمپانیا هیندییانەی لە گەشتە ئاسمانییەکانیان بەردەوامن رێنمایی گەشتیارانیان کردووە، لانیکەم سێ کاژێر پێش کاتی دیاریکراویان بگەنە فرۆکەخانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ