ئالان تۆرێن، یەکێک لە پشتیوانانی دۆزی کورد لە فەرەنسا کۆچی دواییکرد

09-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئالان تۆرێن، کەسایەتی و کۆمەڵناسی بەناوبانگی جیهان ئەمڕۆ لە فەرەنسا کۆچی دواییکرد، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق دەڵێت، ئالان تۆرێن یەکێک بوو لە پشتیوانانی دۆز کورد و خەونی سەربەخۆیی کوردستان بوو.
 
رۆژی هەینی، 9-6-2023 ئالان تۆرێن لە تەمەنی 97 ساڵیدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆچی دواییکرد. 
 
د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، لەبارەی گیانلەدەستدانی ئالان تۆرێنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکێک بوو لە گەورە کۆمەڵناسەکانی جیهان، رێز و تایبەتمەندێتییەکی زۆری لەلای فەرەنسییەکان و خەڵکی جیهان هەیە، سەرۆکەکانی زۆر وڵات رێزی تایبەتیان دەگرت و بەشێک لە سەرۆکەکانی فەرەنسا خوێندکاری ئەو بوون، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خاوەنی هزر و بیر و قوتابخانەی خۆی بوو لە بواری سۆسیۆلۆژیا، پەیمانگە و قوتابخانەی بەناوەوە هەیە و بیروباوەڕ و نووسینەکانی لەسەر ئاستی جیهاندا زۆر بەربڵاوە و پرۆگرامی خوێندنە."
 
تۆرێن یەکێک بوو لە هاوسۆزانی دۆزی کورد، لە ساڵی 2017 لەگەڵ بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. عادل باخەوان دەڵێت، "چووینە هەڵەبجە و شوێنەکانی دیکە گەڕاین، ئەو تەواو هاوسۆز و پشتیوانیکارێکی گەورەبوو لە دۆز و پرسی کورد، بەتایبەت دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی."
 
لە ساڵی 2015 لە هەڤپەیڤینێکدا، تۆرێن بە رووداوی راگەیاند: دڵنیام لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان
 
لەکاتی سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان کە لە مانگی ئەیلوول و چەند هەفتەیەک پێش ئەنجامدانی گشتپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بوو، تۆرێن باسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی کردووە، د. عادل باخەوان دەیگێڕێتەوە "تاوەکو ئێستاش ئەو رستەیەی لە خەیاڵدانمدا دووبارە دەبێتەوە کە پێی گوتم تاکە چارەسەری پرسی کورد بریتییە لە دامەزراندنی دەوڵەت و من زۆرم لە ژیاندا نەماوە، ئەگەر دوای من ئەم خەونە هاتەدی، وەرە سەرگۆڕەکەم و پێمبڵێ تەواو کورد بووە خاوەنی دەوڵەت."
 
ئەو سۆسیۆلۆجیستە بەنێوبانگەی جیهان لە مانگی ئابی ساڵی 1925 لەدایکبووە. لە ساڵانی سەرەتای گەنجێتی چەکی لە دژی نازییەکان هەڵگرتووە و لە دژی داگیرکردنی وڵاتەکەی شەڕی کردووە و یەکێک بوو لەو کەسانەی پاریسی لەدەستی ئەوان رزگارکردووە.
 
ئالان تۆرێن یەکێک لە کتێبەکانی پێشکێش بە خەباتی ژنانی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی کردووە.

 

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئالان تۆرێن لە ساڵی 2015:

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە