رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چین و ئەمریکا لە لەندەن دەستیان بە گەڕێکی نوێی دانوستاندنی بازرگانی کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە لەدوای سەپاندنی پێناسی گومرگیی تووند بەسەر یەکدیدا، دوو زلهێزەکەی جیهان دیانەوێت پەیوەندییەکەیان باشتر بکەن.
دوای یەکەم گەڕی دانوستاندنەکان لە مانگی رابردوودا لە جنێڤ، ئێستا دوو وڵاتەکە لە باڵەخانەی مێژوویی لانکاستەر هاوس، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە بەڕێوەدەبرێت، کۆدەبنەوە.
هی لیفێنگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین جارێکی دیکە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی لە لەندەن دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەینیی رابردوو رایگەیاند، شاندی ئەمریکی لە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە؛ هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانی و جەیمیسن گریر، نوێنەری بازرگانی پێکدێت.
ترەمپ لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیەڵ نووسی: "دەبێت دانوستاندنەکە زۆر باش بەڕێوەبچێت."
دوێنێ یەکشەممە کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "ئێمە دەمانەوێت چین و ئەمریکا بەردەوام بن لە پێشخستنی ئەو رێککەوتنەی لە جنێڤ کرا."
لە کاتێکدا حکومەتی بەریتانیا دووپاتیکردەوە کە بەشدار نییە لە گفتوگۆکاندا، گوتەبێژێک رایگەیاند: "ئێمە نەتەوەیەکین پاڵپشتیی بازرگانیی ئازاد دەکەین." گوتەبێژەکە گوتیشی: "دەسەڵاتدارانی بەریتانیا هەمیشە روون بوون لەوەی جەنگی بازرگانی لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە، بۆیە پێشوازی لەم دانوستاندنانە دەکەین."
بەرهەمی دەگمەن
دانوستاندنەکانی لەندەن تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە دێن کە ترەمپ و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، بۆ یەکەمجار بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیادیان کردووە. ترەمپ بەیجینگی بەوە تۆمەتبارکرد، ئەو رێککەوتنەی پێشێلکردووە کە لە نێوەڕاستی مانگی ئایار، بۆ کەمکردنەوەی پێناسە گومرگییەکان لە نێوانیان کرابوو.
لێڤیت رۆژی یەکشەممە گوتی: "پێویستە چین پابەندی خاڵەکانی خۆی بێت لە رێککەوتنەکە. بۆیە سبەی [دووشەممە] تیمی بازرگانی گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن."
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان ناردنی "کانزا و بەرهەمی دەگمەن" دەبێت لەلایەن پەکینەوە، کە بۆ چەندین کاڵا گرنگە، لەنێویاندا پاتریی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.
بەرهەمە دەگمەنەکان (Rare Earth Elements) ئەو کانزا یان توخمانە دەگرێتەوە کە دۆزینەوەیان قورسە و دەگمەنن، هەروەها بۆ تەکنەلۆژیا و دروستکردنی بەرهەمی کارگە زۆر گرنگن. ئەمریکا دەیەوێت چین ئەو کانزا و بەرهەمانەی بۆ بنێرێت.
لە مانگی نیساندا، ترەمپ پێناسی گومرگیی بەرفراوانی لەسەر ئاستی جیهاندا سەپاند. واشنتن پێناسی گومرگیی 145٪ـی لەسەر کاڵاکانی بەیجینگ جێبەجێکرد، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی بازرگانی و چینیش بە پێناسی 125٪ وەڵامی ئەمریکای دایەوە.
لە جنێڤی سویسرا، دوای دوو رۆژ دانوستاندن، هەردوولا رێککەوتن بۆ ماوەی 90 رۆژ پێناسە زۆرەکانیان کەم بکەنەوە.
هێشتا ناکۆکییەکان بەردەوام بوون، لەنێویشیاندا سنووردارکردنی هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان لەلایەن چینەوە.
لە دوایین داتای فەرمیی هەناردەی چین کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکرایەوە، کاریگەریی ئەم ناکۆکییە دەردەکەوێت. بەگوێرەی چین، بەراورد بە مانگی نیسان، هەناردەی بەیجینگ بۆ واشنتن لە مانگی ئایار 12.7٪ کەمتر بوو.
بەدرێژایی دانوستاندنەکانی لەگەڵ واشنتن، چین گفتوگۆی لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانی دیکەش دەستپێکردووە، لەوانەش ژاپۆن و کۆریای باشوور، بۆ ئەوەی دژی پێناسەکانی ترەمپ هەوڵی دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو بدات.
رۆژی پێنجشەممە، بەیجینگ و کەنەدا لەسەر رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان رێککەوتن.
چین هەروەها پێشنیازی دامەزراندنی "کەناڵێکی سەوز"ی کردووە بۆ ئاسانکاریی هەناردەکردنی کانزای دەگمەن بۆ یەکێتیی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ