رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ رووسیا و ئۆکراینا گرووپێک سەربازی دیلیان گۆڕییەوە، ئەمەش وەک بەشێک لەو رێککەوتنەی لە دانوستاندنەکانی ئاشتیدا لە ئیستەنبووڵ بەدیهاتبوو.
رێککەوتنی گۆڕینەوەی دیلەکانی جەنگ و گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوان، تاکە رێککەوتنی بەرجەستە بوو لە دانوستاندنەکاندا بەدەستهات، بەڵام هیچ رێککەوتنێک لەسەر راگرتنی جەنگ و ئاگربەست نەکرا.
پێشکەوتنەکان وەستاون. رووسیا بەردەوام داواکارییەکانی بۆ ئاگربەستێکی بێ مەرج رەتکردووەتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تەلەگرام رایگەیاند: "ئەمڕۆ گۆڕینەوە دەستیپێکرد، لە چەند قۆناخێکدا لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت".
زیلینسکی وێنەی ئەو سەربازانەی بڵاوکردەوە کە ئاڵای ئۆکراینایان لەبەردا بوو، هاواریان دەکرد و باوەشیان بەیەکدا دەکرد.
زیلینسکی گوتیشی: "ئەوانەی ئێستا دەیانگەڕێنینەوە بریتین لە بریندار، ئەوانەی برینیان زۆر سەختە و ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 25 ساڵەوەیە".
وەزارەتی بەرگریی رووسیاش پشتڕاستی کردەوە گۆڕینەوەکە بەشێکە لە "رێککەوتنەکانی 2ـی حوزەیرانی ئیستەنبووڵ".
هیچ لایەنێک ئاماژەی بە ژمارەی دیلە ئازادکراوەکان نەکرد.
دوای گفتوگۆکانی ئیستەنبووڵ، هەردوولا رایانگەیاندبوو پرۆسەکە زیاتر لە هەزار سەربازی دیل دەگرێتەوە، ئەمە گەورەترین گۆڕینەوەی سێ ساڵەی جەنگەکەیە.
خودی پرۆسەی گۆڕینەوەکە لە کۆتایی هەفتەدا لەژێر مەترسیدا بوو، کاتێک مۆسکۆ و کیێڤ یەکدییان بە دواخستن و تێکدانی پرۆسە پلان بۆ داڕێژراوەکە تۆمەتبار کرد.
رۆژی یەکشەممە زیلینسکی رووسیای بەوە تۆمەتبار کرد کە "یارییەکی سیاسیی پیس" دەکات و پابەندی رێککەوتنەکە نییە، کە ئازادکردنی هەموو ئەو سەربازە دیلانەیە کە نەخۆش، بریندار یان تەمەنیان لە خوار 25 ساڵەوەیە.
رووسیاش رایگەیاند، کیێڤ رەتیدەکاتەوە تەرمی سەربازە کوژراوەکانی وەربگرێتەوە، کە بە گوتەی ئەوان، هەزار و 200 تەرم لە نزیک سنوور لەنێو بارهەڵگری ساردکەرەوەدا چاوەڕێن.
"دانوستاندنەکان بێهوودەن"
هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە ساڵی 2022 گەورەترین ململانێی ئەورووپای لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە لێکەوتەوە، ملیۆنان کەسی ناچار بە ئاوارەبوون کرد و بەشێکی زۆری رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرایناشی وێران کرد.
بە گوشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەردوولا بۆ یەکەم جار لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵدا دانوستاندنی راستەوخۆیان دەستپێکرد، بەڵام وادیارە هێشتا زۆر لە رێککەوتن دوورن.
لە ئیستەنبووڵ لە 2ـی حوزەیران، رووسیا داوای لە ئۆکراینا کرد هێزەکانی لەو ناوچانە بکشێنێتەوە کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدان، دان بە لکاندنی پێنج هەرێمی ئۆکراینا لەلایەن مۆسکۆوە بنێت و دەستبەرداری هەموو پشتیوانییەکی سەربازیی رۆژئاوا بێت.
کیێڤ داوای ئاگربەستێکی تەواو و کۆبوونەوەیەکی لە نێوان زیلینسکی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ترەمپ کرد بۆ شکاندنی بنبەستەکە.
لەلایەکی دیکەوە، شەڕ لە بەرەکانی پێشەوە و لە ئاسماندا چڕتر بووەتەوە.
دوێنێ یەکشەممە رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی بۆ یەکەمجار لە هەڵمەتەکەیدا چوونەتە نێو هەرێمی پیشەسازیی دنیپرۆپێترۆڤسکی ئۆکراینا.
هێزی ئاسمانیی کیێڤ رایگەیاند، مۆسکۆ شەوی رابردوو 479 درۆنی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە.
ئۆلێکساندەر ترێتاک، سەرۆکی شارەوانیی شاری ریڤنێ لە رۆژئاوای وڵاتەکە، بە "گەورەترین هێرش" بۆ سەر هەرێمەکە ناویبرد لەوکاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ