رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا (بوندستاگ)، لە بڕیارێکدا کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەزاران خێزانی پەنابەری کورد و سووری دەبێت، پڕۆژەیاسایەکی بۆ ڕاگرتنی یەکگرتنەوەی خێزان بۆ ماوەی دوو ساڵ پەسند کرد. بڕیارەکە ئەو پەنابەرانە دەگرێتەوە کە مافی مانەوەی کاتییان (Subsidiary Protection) لە ئەڵمانیا وەرگرتووە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لەنێو دیاسپۆرانشینی کوردی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا دروستکردووە و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەش بە تووندی دژی دەوەستێتەوە.
ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی پارتی سەوزەکان، بە تووندی دژی بڕیارەکە وەستایەوە. فیلیکس باناشاک، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەوزەکان، بڕیارەکەی بە "هەڵەیەکی گەورە" وەسف کرد و گوتی: "کرستیان دیموکراتەکان هەمیشە دەیانگوت دەیانەوێت کۆچی نایاسایی سنووردار بکەن، بەڵام هیچ شتێک یاساییتر نییە لە هاتنی ژن و منداڵ لە رێگەی یەکگرتنەوەی خێزانەوە، کە 80٪ی کەیسەکان پێکدەهێنن. کەس ناتوانێت بۆم روون بکاتەوە چۆن ئەڵمانیا دەبێتە وڵاتێکی پارێزراو، کاتێک پیاوانی تووشبوو بە تراوما لە کەمپەکاندا بە تەنیا دەهێڵرێنەوە و ژن و منداڵەکانیان ناچار دەکرێن سواری بەلەمەکانی مەرگ بن بۆ گەیشتن بە ئەڵمانیا. ئەمە پێچەوانەی یەکخستنەوە و دادپەروەرییە، بۆیە ئێمە ڕەتمان کردەوە."
لە بەرامبەردا، پارتی دەسەڵاتداری کریستیان دیموکرات (CDU) بەرگری لە بڕیارەکە دەکات و بە پێویستییەکی هەنووکەیی بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر دامەزراوەکانی وڵاتەکەی دەزانێت. کریستیان هازە، گوتەبێژی کاروباری ناوخۆی پارتەکە رایگەیاند: "ئێمە ئەمەمان کرد، چونکە پێویستمان بە پشوویەکە. وەک سیاسەتمەدارێکی خۆجێی، دەزانم لە شارەکاندا چی دەگوزەرێت. ئێمە دەمانەوێت ئەو کەسانەی دێنە ئێرە بە باشی یەکبخرێنەوە و نیشتەجێ ببن، بەڵام چیتر توانای ئەو کارە گەورەیەمان نەماوە و تەنیا دەتوانین پارەیان پێبدەین بۆ بژێوی. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ حاڵەتە مرۆییە تایبەتەکان رێگەمان بە جیاکاری داوە و بڕیاری تایبەت بۆ هەر حاڵەتێک دەدرێت."
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، حکومەتی ئەڵمانیا تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا نزیکەی 54,600 ڤیزەی بۆ یەکگرتنەوەی خێزان دەرکردووە، کە پشکی شێری بەر هاووڵاتییانی سووریا کەوتووە بە نزیکەی 8500 ڤیزە. هەروەها 1,900 ڤیزە بۆ ئێرانییەکان، 1،200 بۆ ئەفغانییەکان و 600 ڤیزەش بۆ هاووڵاتییانی عێراق دەرکراوە. ساڵی رابردووش، ئەڵمانیا زیاتر لە 120 هەزار ڤیزەی بۆ هەمان مەبەست دەرکردبوو.
بەپێی یاسا نوێیەکە، ئەو مافەی پێشتر مانگانە بە هەزار پەنابەری خاوەن مافی مانەوەی کاتی دەدرا، بۆ ماوەی دوو ساڵ رادەگیرێت. حکومەتی نوێی ئەڵمانیا بەم هەنگاوە دەیەوێت یەکێک لە بەڵێنە سەرەکییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی جێبەجێ بکات، کە بریتی بوو لە "راگرتنی شەپۆلی کۆچ".
سەرەڕای تووندکردنی یاساکە، هێشتا هیوایەک بۆ ئەو خێزانانە ماوەتەوە، چونکە لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لێکۆڵینەوەی تاکەکەسی بۆ حاڵەتە مرۆییەکان دەکرێت، ئەمەش دەرگایەک بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ ئەو خێزانانەی کە بەهۆی بارودۆخی سەختەوە پێویستییان بە پێک شادبوونەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ