رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی کۆبانێ بە ناوی وەڵات ئەمین لە ئەڵمانیا دەژی، نزیکەی ماوەی 12 ساڵە یاری لەشجوانی دەکات و ئێستا وەکو پاڵەوانێک لەو وەرزشە دەردەکەوێت و دەڵێت، هەفتەی رابردوو توانیویەتی 200 کیلۆگرام بەرزبکاتەوە و لە پاڵەوانێتییەکی جیهانی پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.
لە بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو کە رۆژی هەینی 08-12-2023، هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی کرد، وەڵات ئەمین لە راپۆرتێکی تایبەتدا، چیرۆکی ژیانی خۆی گێڕایەوە و گوتی، "سەرەتای دەستپێکردنم بەو وەرزشە 12 ساڵ پێش ئێستا بوو، لە شەقامێکەوە تێپەڕیم و گۆڤارێکم دۆزییەوە وێنەی لەشجوانی لەسەر بوو، ئەو کات نەمدەزانی کێیە، دواتر ئەمە هانی دام تاوەکو دەست بەو وەرزشە بکەم."
ئەو هاونیشتمانییەی کۆبانێ کە لە ئەڵمانیا دەژی باس لەوەدەکات، کە "هەر کاتێک بمەوێت کێشێکی قورس بەرزبکەمەوە سەرەتا سەیری وێنەی ئەو لەشجوانە دەکەم [کە یەکەمجار بینیویەتی] و ئەو هێز و متمانەم پێدەبەخشێت."
وەڵات ئەمین باسی شێوازی ئەنجامدانی وەرزشەکە دەکات و دەڵێت، "زۆر ئارەزووی ئەم وەرزشە دەکەم، هەرکەسێک بیەوێت ئەو یارییە بکات، دەبێت راهێنانەکانی بە باشی و بەردەوام بکات و هەروەها پێویستە خواردنەکانیشی گونجاوبن، رۆژانەش دەبێت کەمێک پرۆتینیش بەکاربهێنێت، نابێت سەرەتا کێشی زۆر قورس بەرزبکاتەوە، بەڵکو دەبێت هەنگاو بەهەنگاو بێت."
دەقی گوتەکانی وەڵات ئەمین، یاریزانی کورد لە وەرزشی لەشجوانی:
وەڵات ئەمین: ناوم وەڵات ئەمینە، خەڵکی کۆبانێم و لە ئەڵمانیا دەژیم، لە تەمەنی 12 ساڵییەوە وەرزشی لەشجوانی دەکەم. چیرۆکی دەستپێکردنی وەرزشەکەم دەگەڕێتەوە بۆ پێش دوازدە ساڵ کاتێک لە شەقامێک تێدەپەڕیم، گۆڤارێکم دۆزیەوە وێنەی لەشجوانێکی لەسەر بوو، ئەو کات نەمدەزانی کێیە، لەشێکی جوانی هەبوو، سکی شێوەی پاقڵاوەی هەبوو، رانەکانی ئەستوور بوون، ماسوولکەکانی دەرپەڕیبوون، ئەمە کاریگەری لێکرد، چوومە ماڵەوە ژوورەکەم کردە هۆڵی وەرزشکردن و چەند ئاسنێکم پەیداکرد و کیسێکی لێدانم دروستکرد و ساڵێک بەمشێوەیە وەرزشم کرد و دواتر چوومە هۆڵی لەشجوانی. هەر کاتێک بمەوێت کیشێکی قورس بەرزبکەمەوە سەرەتا سەیری وێنەی ئەو لەشجوانە دەکەم و ئەو هێز و متمانەم پێدەبەخشێت. هەفتەی رابردوو توانیم 200 کیلۆ بەرزبکەمەوە، بەڵام ئەمڕۆ توانام زیاترە و توانیم 210 کیلۆگرام بەرزبکەمەوە.
"ئەو کەسانەی وەرزشی لەشجوانی دەکەن نابێت لە سەرەتاوە کێشی قورس هەڵبگرن"
وەڵات ئەمین: زۆر ئارەزووی ئەم وەرزشە دەکەم، هەرکەسێک بیەوێت ئەو یارییە بکات، دەبێت راهێنانەکانی بە باشی و بەردەوام بکات و هەروەها پێویستە خواردنەکانیشی گونجاوبن، هەروەها رۆژانە دەبێت کەمێک پرۆتینیش بەکاربهێنێت، نابێت سەرەتا کێشی زۆر قورس بەرزبکاتەوە، بەڵکو دەبێت هەنگاو بەهەنگاو بێت، بەڵام دەبێت زۆر هەوڵبدات تاوەکو بتوانێت کێشی زۆر قورس بەرزبکاتەوە، چونکە بە بەرزکردنەوەی کێشی سووک ماسوولکەکە بەرز و گەورە نابن، پێویستیشە لەکاتی راهێنان کردن گوشاری زۆر لەخۆ بکەیت و مێشک و هزریشت تەنیا لای ماسوولکەکانت بن، چونکە ئەوکات خوێن و خواردن دەچن بۆ ماسوولەکەکان و گەورە دەبن، من خواردن و ئیسرەحەت و ژیانم بۆ گەورەکردنی ماسوولکەکانم تەرخانکردووە.
"لە پاڵەوانێتییەکی جیهانی پلەی دووەمم بەدەستهێنا"
وەڵات ئەمین: ماوەیەک لەمەوبەر کاپتنی هۆڵەکە قسەی لەگەڵ کردم و پێی گوتم دەمەوێت ببمە راهێنەرت بۆ ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانییەتییەکی بکەی بەناوی (ئێم پی سی) کە پاڵەوانییەتییەکی جیهانییەوە منیش رازیبووم و راهێنانەکانم لەگەڵ راهێنەرەکەم دەستپێکرد و بەشدارییم کرد و توانیم پلەی دووەم بەدەستبێنم، دواتر لە پاڵەوانییەتییەکی لەشجوانی لەسەر ئاستی ئەڵمانیا بەشداریم کرد و لەوێش توانیم پلەی دووەم بەدەستبێنم."
هەروەها دەشڵێت، "ئامانجم ئەوەیە لە ساڵانی داهاتوو بەشداری لە ئۆڵۆپیاد دابکەم و لەوێ پلەی باش بەدەستبێنم و ئاڵای کوردستان بەرزبکەمەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ