رووداو دیجیتاڵ
چەندین راپۆرت و توێژینەوەی زانستی پێشانی دەدەن لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان، بەفربارین کەمی کردووە و زیاتر باران دەبارێت.
بە گوێرەی ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکا (EPA)، "لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا بەفربارین کەمی کردووە" و نزیکەی 57٪ـی وێستگەکانی چاودێریی کەشوهەوا ئاماژە بە کەمکردنی بەفربارین دەکەن.
توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر ئۆراسیا کە ساڵی 2024 بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە بەفربارین لە زۆربەی ناوچەکانی ئۆراسیا کەمی کردووە. ئەم دابەزینەش پەیوەندییەکی بەهێزی بە دەردانی گازە گەرمکەرەکانەوە هەیە کە مرۆڤ هۆکارەکەیەتی.
لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ئەو شوێنانەی سەهۆڵ لە لووتکەی چیاکان هەیە، بەڵگەکان تاوەکو دێت زیاتر دەبن لەسەر ئەوەی بەفری کەڵەکەبووی سەر لووتکەکان خەریکە کەمدەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ئێستا کەمتر دەبارێت و زیاتر دەتوێتەوە. بۆ نموونە، توێژینەوەیەک لە باکووری رۆژئاوای بانی پامیر لە ئاسیای نێوەڕاست دەریخستووە کە لە ساڵی 2018ـەوە بەفربارین و ئەستووریی بەفر "بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە"، ئەمەش بووەتە هۆی توانەوەی سەهۆڵی لووتکەکان و کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان.
توێژینەوەیەکی ساڵی 2024 لەسەر زنجیرە چیاکانی ئەڵپ دەریخستووە لە نێوان ساڵانی 1920 بۆ 2020 بەفربارین لەو ناوچەیە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە: بە تێکڕا بەفربارین 34٪ کەمی کردووە؛ لە باکووری ئەڵپ 23٪ و لە هەندێک ناوچەی باشووری رۆژئاوا نزیکەی 50٪ کەمبووەتەوە.
گۆڕانی بەفر بۆ باران
بەگوێرەی ناسا، لە ناوچەکانی جەمسەری باکوور و باکووری ئەتڵەسی، ژمارەی ئەو رۆژانەی کە تێیدا باران لە بری بەفر دەبارێت، رووی لە زیادبوونە؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕان لە جۆری دابارین هاوکات لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوا.
توێژینەوەیەک لە ئۆنتاریۆی کەنەدا دەریخستووە، هەرچەندە کۆی گشتی دابارینی زستانە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام ئەو بەشەی وەک بەفر دەبارێت کەمی کردووە؛ واتە لە زستاندا بەفربارین کەمبووەتەوە و بارانبارین زیادی کردووە.
لە زۆر لە ناوچەی شاخاوی یان ئەو ناوچانەی کەشوهەوای ساردیان هەیە، گەرمبوون بووەتە هۆی کورتبوونەوەی وەرزی بەفر، کەمبوونەوەی رۆژە بەفراوییەکان و کەمبوونەوەی قەبارەی بەفر.
لە هەموو شوێنێک وەکو یەک نییە
کەمبوونەوەی بەفربارین گشتی نییە. هەندێک شوێن بەفربارینی چڕتر بەڵام کەمتر بەخۆیەوە دەبینن، یان گۆڕانکارییەکان پەیوەستن بە بەرزی و شوێنی جوگرافی. بۆ نموونە، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن هەرچەندە تێکڕای بەفربارین رەنگە کەم بکات، بەڵام رەنگە "رووداوە تووندەکانی بەفربارین" لە هەندێک ناوچەی نیوەگۆی باکوور زیاد بکەن، واتە دەکرێت ئەو کاتە کەمانەی کە بەفر دەبارێت، زۆر بە چڕی ببارێت.
هەروەها، مەرج نییە کۆی گشتی دابارین کەم بکات، هەندێک جار دەمێنێتەوە یان تەنانەت زیاد دەکات، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، پشکی بەفر لەو دابارینەدا کەم دەبێتەوە.
ئەمە واتای چییە؟
بەفری کەمتر و بارانی زیاتر: لە زۆر شوێن، زستانی گەرمتر دەبێت، واتە دابارین زیاتر بەشێوەی باران دەبێت نەک بەفر. ئەمەش کۆبوونەوەی بەفر کەم دەکاتەوە و ئەو ماوەیە کورت دەکاتەوە کە بەفر لەسەر زەوی دەمێنێتەوە، کە کاریگەری دەکاتە سەر سەرچاوەکانی ئاو، وەک شاخە سەهۆڵینەکان، کانیاوەکان و بەنداوەکان.
گۆڕانکاری لە وەرزی بەفر: ئێستا بەفر زیاتر لە کۆتایی پاییز دەستپێدەکات و لە سەرەتای بەهار کۆتایی دێت؛ رۆژە بەفراوییەکان روویان لە کەمبوون کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ