نوێترین ریزبەندی؛ عێراق خاوەنی سێیەم خراپترین پاسپۆرتە لە جیهاندا

10-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، کۆمپانیای هێنڵی تایبەت بە پێوانی ئاستی پاسپۆرتی وڵاتانی جیهان کە بنکەی سەرەکیی لە لەندەنە، نوێترین لیستی بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهانی بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە، تێیدا چەند گۆڕانکارییەک بەدیدەکرێت. بەپێی ریزبەندییەکە عێراق خاوەنی سێیەم خراپترین پاسپۆرتە لە جیهان.
 
لیستەکە لە 199 وڵات پێکدێت و بەسەر 104 پلە دابەشکراوە ئەمەش لەبەر ئەوەی چەند وڵاتێک لەهەمان پلە دانراون.
پلەی یەکەم شەش وڵات لەخۆدەگرێت کە چواریان ئەوروپی و دوویان ئاسیایین. هەڵگرانی ئەو شەش وڵاتە دەتوانن بەبێ ڤیزا یان ڤیزا لەکاتی گەیشتن، سەردانی 194 وڵات بکەن.
 
لە پلەی کۆتاییشدا کە 104ـەمە، ئەفغانستان دەبینرێت؛ هەڵگرانی پاسپۆرتەکەی دەتوانن سەردانی تەنیا 28 وڵات بکەن. 
 
عێراق؛ سێیەم خراپترین پاسپۆرتی جیهان
 
کۆمپانیای هێنڵی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2006 دەستی بە پێوانەکردنی پاسپۆرت کردووە، ئەوکات عێراق لە پلەی 81 بوو، بەڵام ئێستا دوو پلە لە پێش کۆتاییە و تەنیا سووریا و ئەفغانستان لە دوای عێراقەوە دێن.
 
عێراق بەپێی ریزبەندییەکە لە پلەی 102ـەمدایە، هاووڵاتییانی عێراق دەتوانن بەبێ پاسپۆرت سەردانی 31 وڵات بکەن، ئەوانیش بریتیین لە: بوروندی، کەمبۆدیا، دوورگەکانی کاپ ڤێردی، دوورگەکانی کۆمۆرۆ، دوورگەکانی کوک، جیبۆتی، دۆمینیکا، گینیا بیساو، هایتی، ئێران، کینیا، لوبنان، ماکاو، ماداگاسکار، مالیزیا، ماڵدیڤ، مۆریتانیا، میکرۆنیزیا، مۆزەمبیق، نییو، دوورگەکانی پالاو، رواندا، ساماو، سیشێل، سۆماڵ، سریلانکا، سورینام، تیمۆرلێستێ، تۆگۆ، توڤالو و زامبیا.
 
ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییانی عێراقی دەتوانن بە ڤیزەی ئەلیکترۆنی سەردانی بکەن بریتیین لە: ئەلبانیا، ئەنتیگوا، ئەرمینیا، ئازەربایجان، بەنین، کۆڵۆمبیا، میسر، ئەسیوپیا، گابۆن، جۆرجیا، گینیا، قیرغستان، لیسۆسۆ، مۆڵدۆڤا، مۆنتسێرات، عومان، قەتەر، ساوتۆم، سەینت کیتس، تاجیکستان، تورکیا، ئۆگەندا، ئیمارات، ڤیێتنام و زیمبابوای.
 
بەهێزترین پاسپۆرتی عەرەبی ئیماراتە و لە پلەی 11ـەمینە لە ئاستی وڵاتانی جیهاندا، کە هاووڵاتییەکانی دەتوانن سەردانی 183 وڵات بکەن.
تورکیا لە پلەی 52 دێت و پاسپۆرتەکەی دەتوانێت ڤیزای 118 وڵات وەربگرێت. هەرچی ئێرانە لە پلەی 95 دێت بۆ 45 وڵات.
 
پلەی یەکەم تاوەکو پێنجەم
 
هەرچەندە سەنگاپور و ژاپۆن بۆ پێنج ساڵ پلەی یەکەمیان گرتبوو، بەڵام ئەم ساڵ وڵاتانی ئەوروپا پشکی شێری لیستەکەیان بەرکەوتووە.
 
پلەی یەکەم: فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، سەنگاپور و ئیسپانیا (194 وڵات).
پلەی دووەم: فینلاند، کۆریای باشوور و سوێد (193 وڵات).
پلەی سێیەم: نەمسا، دانمارک، ئێرلاند و هۆڵەندا (192 وڵات).
پلەی چوارەم: بەلجیکا، لۆکسەمبۆرگ، نەرویج، پورتوگال و بەریتانیا (191 وڵات).
پلەی پێنجەم: یۆنان، ماڵتا و سویسرا (190) وڵات.
هەریەکە لە ئەمریکا و کەنەداش لە پلەی حەوتەم دێن و هەڵگرانی پاسپۆرتەکانیان دەتوانن سەردانی 188 وڵات بکەن.
 
زیادکردنی 106 وڵات لە 10 ساڵدا
 
ئەوەی جێی سەرنجە لە راپۆرتەکە، ئیماراتە. وڵاتەکەی کەنداو توانیویەتی لە ساڵی 2014ـەوە 106 وڵات بۆ پاسپۆرتەکەی خۆی زیادبکات و خۆی لە پلەی 11ـەم جێگیر بکات.
 
هێنڵی دەڵێت، ئیمارات لە ساڵی 2006 لە پلەی 62 و لە ساڵی 2010 لە پلەی 65ـدا بووە. لە ساڵی 2014 لە پلەی 55 بووە و لەو 10 ساڵەدا بە جیاوازییەکی زۆر هاتووەتە پێشەوە.
 
بەشێک لەو وڵاتانەی کە ئیماراتییەکان دەتوانن بەبێ ڤیزا گەشتی بۆ بکەن بریتین لە: بەریتانیا، نەمسا، بەلجیکا، کەنەدا، چین، دانیمارک، چیک، فەرەنسا، فینلاند، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، هۆڵەندا و ئیسپانیا.
 
سەنگاپورە لە 2023 پلەی یەکەمی گرتبوو بۆ 195 وڵات. ژاپۆن لە پلەی دووەمدا بوو بۆ 193 وڵات. پلەی سێیەمیش لە هەشت وڵات پێکهاتبوون: نەمسا، فینلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کۆریای باشوور، ئیسپانیا و سوێد، کە هاووڵاتییەکانیان دەیانتوانی گەشتی 190 وڵات بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە