رووداو دیجیتاڵ
مانگی 1ـی هەموو ساڵێک، هۆگرانی تەکنۆلۆجیا چاوەڕێی کردنەوەی پێشانگەی ئەلکترۆنیی بەکاربەر، ناسراو بە سی ئی ئێس لە لاس ڤێگاس دەکەن. پشێبینی دەکرێت ئەم ساڵ زۆرترین داهێنانەکان لە بواری ژیریی دەستکرد بن.
ئاندێریا نیپۆری، شارەزای تەکنۆلۆجیا دەڵێت، "پێشانگەی سی ئی ئێسی ئەم ساڵ دەبێتە پێشانگەی ژیریی دەستکرد، جا هەرچەشنە پێناسەیەکت بۆ ژیریی دەستکرد هەبێ. ئێمە دەزانین کە 2023 ژیریی دەستکرد ناونیشانی هەموو بابەتێکی تەکنۆلۆجیا بووە. لەبەر ئەوە ئەم ساڵ دەبینین کە کۆمپانیاکان چۆن کەڵکیان لە ژیریی دەستکرد لە بەرهەمەکانیان بینیوە و چۆن پێشکێش بە بەکارهێنەرانی دەکەن."
لە چوارچێوەی پێشانگەکەدا بڕیارە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی هۆندای ژاپۆنی، بۆ یەکەمجار پەردە لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی سوپەرناڵ لابدات و کۆمپانیای هیوندای کۆریش تاکسییەکی فڕیو بخاتەڕوو.
ئێرایکا جۆنسن، بەرپرسی پێشانگەکانی لاس ڤێگاس باس لەوە دەکات، "پێشانگەی سی ئی ئێس گەورەترین پێشانگەی بازرگانی تەکنۆلۆجیای جیهانە، کە بۆ شاری لاس ڤێگاس زۆر گرنگە. نەک تەنیا لەرووی گەورەیی رووبەری پێشانگەکە، بەڵکو لەرووی ژمارەی بەشداربووانیشەوە. رێکخەرانی پێشانگەکە پێیان گوتووین چاوەڕوان دەکەن 130 هەزار کەس سەردانی پێشانگەکە بکەن و سێ هەزار 500 کۆمپانیاش بەشداربن."
پار 118 هەزار کەس سەردانی پێشانگەی سی ئی ئێسیان کرد، هەرچەندە ئەو کات هێشا بەهۆی کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا زۆرکەس نەیانتوانی لە کیشوەری ئاسیاوە سەردانی پێشانگەکە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ