رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دەرەوەى ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێدەکەوێت.
رۆژی سێشەممە، 10ی شوباتی 2026، وەزارەتەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ، تەوەری کۆبوونەوەکە، دۆخی غەززە و ئاسایشی ناوچەکە دەبێت.
هەروەها نەتەنیاهوو پرسی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ئێران وەک لەپێشینەترین و گرنگترین ئامانجی سەردانەکەی دیاریکردووە.
بڕیارە بینیامین نەتەنیاهوو رۆژی چوارشەممە بەکاتی واشنتن (ئێوارەی چوارشەممە بەکاتی هەولێر) لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە.
نەتەنیاهوو پێش جێهێشتنی فڕۆکەخانە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "لەم گەشتەدا باس لە کۆمەڵێک پرس دەکەین؛ غەززە و بارودۆخی ناوچەکە، بەڵام بێگومان یەکەم و گرنگترین بابەت دانوستاندنەکان دەبێت لەگەڵ ئێران. من دیدگای خۆمان سەبارەت بە بنەماکانی ئەو گفتوگۆیانە پێشکەش بە سەرۆک ترەمپ دەکەم."
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە تاران و واشنتن هەینی رابردوو گەڕێکی نوێی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانیان لە مەسقەتی پایتەختی عومان ئەنجامدا.
ئەمڕۆش عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، سەردانی مەسقەت، پایتەختی عومان کرد لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.
پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو کە گفتوگۆکان "زۆر باش" بوون و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا گەڕێکی دیکە دەستپێدەکاتەوە. لە هەمان کاتدا، ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی واشنتن بچێتە نێو رێککەوتنێک کە رێگە بە تاران بدات بەشێک لە تواناکانی پیتاندنی یۆرانیۆم بپارێزێت.
نەتەنیاهوو پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەوان تەنیا رێککەوتنێک قبووڵ دەکەن کە تێیدا "سفر پیتاندن" بۆ ئێران جێگیر کرابێت.
لە لایەکی دیکەوە، دۆخی کەرتی غەززە و نەخشەڕێگەی دوای جەنگ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو سەرۆک دەبێت.
نەتەنیاهوو چەند رۆژێک پێش ئێستا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتى نێوڕاستی ئاگادار کردبووەوە کە رێگە نادەن دەسەڵاتی فەلەستینی هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی غەززەدا هەبێت.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لەرێگەی "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە" (NCAG) کە لیژنەیەکی تەکنۆکراتە، ئاسایشی ناوچەکە جێگیر بکات.
پەیوەندییەکانی نێوان نەتەنیاهوو و ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 گەیشتە بەرزترین ئاست، کاتێک واشنتن باڵیۆزخانەکەی بۆ قودس گواستەوە و لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ