رووداو دیجیتاڵ
بێژەرەکە ناوی کەمال حوسێن بوو، بەڵام دوای نەشتەرگەری گۆڕینی رەگەزی خۆی، بەناوی تاشنوڤا لە شاشەی تەلەفزیۆن دەرکەوت و یەکەمین بولتەنی هەواڵی بۆ ماوەی سێ خولەک پێشکێشکرد و دەستی بە گریان کرد.
تاشنوڤا ئانان شیشیر لەبارەی هۆکاری گریانەکەی دەڵێت: "من زۆر بەختەوەرم کە زانیم بەرپرسانی حکومی و ناحکومیش چاوەڕێی یەکەم بوڵتەنی هەواڵی منیان کردووە، کەمێک قەلەق بووم، هەستێکی پڕسۆز بوو، بەڵام بە خۆمم گوت: 'دەبێت بەسەر ئەم دۆخەدا زاڵ بم' ".
لە بەنگلادیش رەگەزگۆڕاوەکان، یان ئەوانەی لە بنەچەدا خەسڵەتی هەردوو رەگەزیان تیدایە، یەکلاییکردنەوەی رەگەزەکەیان لەڕووی یاساییەوە رێگەپێدراوە، بەڵام لەڕووی کۆمەلایەتییەوە تووشی گرفت دەبن.
تاشنوڤاش یەکێکە لەوانەی سەرباری کێشە رەگەزییەکەی خێزانەکەشی قسەی لەگەڵ ناکەن، لە بواری خوێندنیشدا سەرکەتوو بووە و دەڵێت: "دوای یەکلاییکردنەوەی رەگەزەکەم دەتوانم ببمە خاوەنی خێزانیش".
قورسیی گۆڕینی رەگەز لەو وڵاتە گەیشتووەتە رادەیەکی کە ئەو کارە بە ئاڵنگارییەکی گەورە دادەنرێت، تاشنوڤا ئانان شیشیر دەڵێت: "من ململانێی خۆمم کرد، ماستەرم تەواو کرد، ئێستا سەرقاڵی خوێندنی ماستەری نێودەوڵەتیم. دەبوو خۆم جەنگی خۆم بکەم، هەرکەسێکی وەک من بێت، پێویست ناکات شەرم لەخۆی بکات، هەموو کەس پێویستی بە خێزانە و دەبێت بڕیاری خۆی بدات."

کۆمەڵگەی بەنگالی پێشوازی باش لە هاوڕەگەزخوازەکان ناکەن، بەڵام لەگەڵ رەگەزگۆراوەکان، ئەوانەی بە سرووشت هەردوو خەسڵەتیان هەیە لەڕووی یاساییەوە کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەیان رووبەرووی گۆشەگیری دەبنەوە و دەستکەوتنی کاریش یەکێکە لە کێشە گەورەکانیان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لەو وڵاتە 10 هەزار رەگەزگۆڕاو هەن، لە ساڵی 2018ـەش بەپێی یاسا مافی دەنگدانیان پێدراوە، حکومەتیش رەگەزەکەی وەک رەگەزی جیاواز لە نێر و مێ ناساندووە، تەنانەت لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا قوتابخانەیەکی ئیسلامیش لە داکای پایتەخت تایبەت بۆ رەگەزگۆراوەکان کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ