رووداو دیجیتاڵ
لۆرد پیتەر ریتکێتس، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا هۆشداری دەدات لەوەی، کۆکردنەوەی هێزی گەورەی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران، "پاڵنەری تایبەت بە خۆی دروست دەکات" و رەنگە ئەمریکا ناچار بە هێرش بکات.
لۆرد ریتکێتس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی سەرەکی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەوەیە، رێککەوتنێکی ئەتۆمی لە ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا هەبوو، کە لەلایەن باراک ئۆباماوە دانوستاندنی لەسەر کرابوو و پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی سنووردار کردبوو، بەڵام ترەمپ ئەمریکای لێ کشاندەوە؛ ئێستا، هەر رێککەوتنێکی نوێ بکرێت، دەبێت دەستکەوتی زیاتری بۆ واشنتن تێدابێت، کە بە بڕوای ریتکێتس، ئێرانییەکان ئامادە نین سازش بکەن و شتێکی لەو جۆرە بەدەست ئەمریکاوە بدەن.
راوێژکارەکەی پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا گومانی لە ئەنجامی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆسەر ئێران هەیە. ئەو دەپرسێت، ئایا ئامانجەکە گۆڕینی دەسەڵاتە، لە کاتێکدا هیچ دەسەڵاتێکی جێگرەوە ئامادە نییە؟ یان رووخانی دەسەڵات و نانەوەی ئاژاوەیە، کە پێیوایە ئەوە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە؟ یان تەنیا گورزێکە بۆ راگرتنی سەرکوتکردنی خەڵک و بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکان؟ ریتکێتس دەڵێت، "پێموانییە ئامانجێکی سەربازیی باوەڕپێکراو هەبێت، بە راستییش، بۆ هەموو ئەم کەرەستە سەربازییەی کە بڵاوکراوەتەوە."
لۆرد ریتکێتس هۆشداری دەدات لە مەترسیی پەرەسەندنی گرژییەکان. ئەو پێیوایە، قەبارەی هێزەکانی ئەمریکا ئەوە دەردەخات کە خۆیان بۆ هێرشێکی سەربازیی گەورە ئامادە کردووە. لە کاتی هێرشدا، ئێرانییەکان دەیانەوێت گورزی قورس لە بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و رەنگە هاوپەیمانەکانی دیکەش لە ناوچەکە بدەن.
ریتکێتس دەڵێت، "ئێستا لەسەر رێگایەکی مەترسیدارین، کە دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان، رەنگە بەهۆی هەڵە تێگەیشتن لە رووداوێکی پلان بۆ دانەنراو، یان بەهۆی وەڵامدانەوەی بەهێزی ئێرانییەکان بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و پاشان هێرشی زیاتری ئاسمانی لەلایەن ئەمریکاوە ئەمە رووبدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ