رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هەرکەسێک زانیاری لەسەر چەند کارمەندێکی باڵای کۆمپانیای (کیپاس)ـی ئێرانی ئاشکرا بکات، بە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار خەڵاتی دەکەن.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "کۆمپانیای کیمیا پارت سیڤان (کیپاس) باڵی بەرهەمهێنانی درۆنە بۆ فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران."
ئەمریکا ناوی چەند ستافێکی باڵای ئەو کۆمپانیایەی ئاشکرا کردووە کە بریتین لە: "حەسەن ئارامبونەژاد، رەزا نەهەردانی، مەهدی ناگنە، هادی زەڤارەقی، ئەبولفەزڵ مۆشکانی و عەباس سەرتاجی."
ئەمریکا دەڵێت، ئەو کەسانە دەستیان لە تاقیکردنەوە، گەشەپێدان و دابینکردنی درۆنەکان بۆ سوپای پاسداران هەبووە، "سوپای پاسداران بەشێک لە جموجۆڵە تیرۆریستییەکانی خۆیان لە رێگەی فرۆشتنی درۆن و کەلوپەلە سەربازییەکان پارەدار دەکەن."
بە گوێرەی وەزارەتەکە، ئەو کۆمپانیا ئێرانییە درۆن بە تایبەتی بۆ گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەش دەنێرێت، لەوانەش "عێراق، یەمەن و سووریا."
پێگەی (خەڵات بۆ دادپەروەری) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە لە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوە رایگەیاند، "سوپای ئیسلامیی پاسدارانی ئێران چەندین هێرشی تیرۆریستییان لە سەرانسەری جیهان پارەدار کردووە و پشت بە چەند کۆمپانیایەک دەبەستێت."
لە ڤیدیۆکە روونی کردووەتەوە کە کۆمپانیای کیپاس لە شاری ئەسفەهانی ئێرانە و درۆن بەرهەم دەهێنێت. "کۆمپانیاکە تاقیکردنەوەی فڕاندنی چەندین درۆنی بۆ سوپای پاسداران کردووە، هەروەها چەند پارچەیەکی گرنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە کۆمپانیاکانی دەرەوە کڕیوە بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بەکاریبهێنن."
هەروەها دەڵێت: "ئابووریی ئێران بە زەحمەتییەکی گەورەدا تێپەڕدەبێت، کەچی سوپای پاسداران پارە لە دروستکردن و گواستنەوەی چەک بۆ دەرەوە خەرج دەکات، بۆ ئەوەی ئاگری گرژییەکان خۆشبکەن و جموجۆڵە تیرۆریستییەکانیان پارەدار بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ