رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نیسانی ژاپۆنی تاکسی بێ شۆفێر لە شەقامەکان تاقیدەکاتەوە، ئۆتۆمبێلەکە بە 14 کامێرا و 9 هەستەوەر و شەش هەستەوەری تیشکیی بەستراوەتەوە.
تاکسییە بێ شۆفێرەکە کاتێک دەگاتە ترافیک لایف و هیڵی پەڕینەوە، سووکانەکەی بەشێوازی خۆکار دەسوورێتەوە و دەوەستێت؛ بێئەوەی شۆفێری تێدا بێت.
تاکیشی کیمۆرا، بەڕێوەبەری تاقیگەی ژیریی دەستکردی کۆمپانیای نیسان لەبارەی پڕۆژەکەوە رایگەیاند: " کاتێک خەڵک لاین دەگۆڕن، سەر دەسووڕێنن و چاو لە پشتەوە دەکەن، لەبەر ئەوەش بۆ ماوەیەکی کورت ئاگایان لە پێشەوە نابێت. بەڵام ئەم ئۆتۆمبێلە بە بەردەوامی بەهۆی هەستەوەرەکان ئاگای لە هەموو دەورووبەری دەبێت. لەبەر ئەوە دەتوانن لاین بگۆڕن بەبێ ئەوەی کێشەیەک دروستبێت. بەڕای ئێمە ئەمە وادەکات ئەم ئۆتۆمبێلە سەلامەتتر بێت."
ئەم ئۆتۆمبێلە خۆکارە، دوایین تەکنۆلۆجیای کۆمپانیای نیسانی ژاپۆنییە کە بە 14 کامێرا و 9 هەستەوەر و شەش هەستەوەری تیشکیی بەستراوەتەوە.
ئامانجی گەشتەکەت لەڕێگەی ئەپێکی سەر مۆبایلەوە دەستنیشان دەکەیت، دوای سەرکەوتن و داخستنی دەرگەی ئۆتۆمبێل، خۆی دەست بە گەشتەکە دەکات.
کارپێکردن بە ئۆتۆمبێلە خێراکان، بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر کەرتی هاتووچۆی ژاپۆن دەبێت، بەتایبەتی لەبەر کەمی شۆفێر لەو وڵاتە.
بەڕێوەبەری تاقیگەی ژیریی دەستکردی کۆمپانیای نیسان باس لەوەش دەکات: "بەهۆی پیریی ژاپۆنییەکان بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان، شۆفێر کەمە. لە راستیدا لە تۆکیۆ و یوکوهاماش شۆفێر کەمە. ئەگەر ئێمە لەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەکارنەهێنین لە داهاتوودا کێشەمان بۆ دروست دەبێت لە کەرتی گواستنەوەدا."
ئۆتۆمبێلەکە لە بەردەم نووسینگەی سەرەکیی نیسان بەڕێدەکەوێت و گەشتێک بەناو شەقامەکانی تۆکیۆ دا دەکات. خێراییەکەشی سنووردارە بە 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا کە ستانداردی لێخوورینی ناو شارە.
کۆمپانیای نیسان پلانی هەیە تاوەکو چەند ساڵی داهاتوو 20 ئۆتۆمبێلی خۆکار بخاتە سەر شەقامەکانی تۆکیۆ. تاوەکو ساڵی 2030 یش قۆناخی کارپێکردن و بە بازرگانیکردنی لە شارەکانی دیکە دەستپێدەکات.
قەبارەی بازاڕی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر لە 2024 دا 1.4 تریلیۆن دۆلارە و پێشبینیکراوە تاوەکو 2030 بگاتە 13 تریلیۆن دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ