وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: دان بە حکومەتی کاتیی سووریادا نانێین

10-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان دان بە حکومەتی راگوزەری سووریا دانانێن و بە گوێرەی "رەفتار" و "کردارەکانیان" هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن و بڕیار لە سیاسەتی واشنتن لە بەرامبەریان دەدەن. 
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم کاتەدا دان بە هیچ دامەزراوەیەک وەک حکومەتی سووریادا نانێت."
 
گوتەبێژەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەشڵێت: "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەڵسەنگاندنی رەفتاری حکومەتی کاتی و هەنگاوەکانی داهاتوومان بە گوێرەی کردارەکانیان دیاریدەکەین."
 
لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا، واشنتن بڕیاریداوە جۆری ڤیزەی کارمەندانی نێردەی هەمیشەیی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڤیزەی دیپلۆماسییەوە بگۆڕێت بۆ ڤیزەی ئاسایی. 
 
گوتەبێژەکە لە وەڵامی ئیمەیڵێکی رووداودا دەڵێت: "سەبارەت بە دیاریکردنی جۆری ڤیزای ئەندامانی نێردەکە، ئەمریکا بەم دواییانە رێنمایی بۆ نێردەی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەرکرد."
 
بەڵام "هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر تایبەتمەندی و پاراستنی ئەندامانی رێگەپێدراوی" نێردەکەدا نایەت، بەو واتایەی کە دەتوانن بە ئازادی لە کاری خۆیان بەردەوام بن، بێ ئەوەی ترسی دەستگیرکردن یان هەڵوەشاندنەوەی بەڵگەنامە یاساییەکانی دیکەیان هەبێت.
 
سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی سووریا و ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدەن، نوێنەرانی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادارکراونەتەوە کە ڤیزەکەیان لە پلەی G1 کە بە ئەندامانی رێگەپێدراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدرێت، دابەزێنراونەتە پلەی G3 کە خەڵکی ئاسایی دەدرێت. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداوی روونکردەوە، "ئەم بڕیارە کارگێڕییە لەسەر بنەمای سیاسەتی دانپێدانانی ئێستای ئەمریکا دراوە."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا