بەهۆی زۆریی ئاگرکەوتنەوە لە کالیفۆڕنیا کۆمپانیاکانی بیمە لە کارکردن دەوەستن

10-05-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
سووتانی دارستانەکان لە کالیفۆرنیا
سووتانی دارستانەکان لە کالیفۆرنیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ساڵانە بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر خانوو لە کالیفۆرنیای ئەمریکا دەسووتێن، چەند گەورە کۆمپانیایەکی بیمەکردن لەو ویلایەتەی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە چیدیکە کار ناکەن، ئەوانەشی بەردەوامن نرخەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە.
 
کۆمپانیاکان رایانگەیاندووە، زەرەریان زیاترە لە قازانج.
 
مارک سێکتنان، خاوەنی کۆمپانیای بیمەیە و دەڵێت، "ئێستا بازاڕی بیمە زۆر لە دۆخێکی خراپدایە، بەشێکیشی لەبەر ئەوەیە کە ماوەی چەندین ساڵە خاوەنی کۆمپانیاکانی بیمە بە رێژەیەکی پێویست سوودیان نەبینیوە؛ لە 10 ساڵی رابردوودا کۆمپانیاکانی بیمە بۆ هەر دۆلارێک کە وەریانگرتووە، دۆلارێک و 13 سەنتییان خەرجکردووە، لەبەر ئەوەکۆمپانیاکان دەبێت پێداچوونەوە بە سیاسەتیاندا بکەن."
 
ساڵانە هەزاران خانوو لە کالیفۆرنیا بەهۆی سووتانی دارستانەکانەوە هەڕەشەی سووتانیان لەسەرە.
 
هەر کۆمپانیایەکی بیمەی خانووبەرە لە کالیفۆرنیا ساڵانە نزیکەی هەزار دۆلار لە خاوەن ماڵەکان وەردەگرن، بەڵام کۆمپانیاکان بەو بڕە پارەیە رازی نین و داوای زیادکردنی دەکەن، ئەوەش نیگەرانی لای خەڵکی ویلایەتەکە دروست کردووە. 
 
ئێد برات، هاووڵاتی ئەمریکییە و دەڵێت، "من نامەیەکم لە کۆمپانیای بیمەکەم پێگەیشت، ئەو کۆمپانیایەی لە ساڵی 1999ـەوە سەرپەرشتی خانووەکەم دەکات، پێیان راگەیاندم کە چیدیکە بەوشێوەیە کار ناکەن، چونکە لە ناوچەکەدا زۆر ئاگر دەکەوێتەوە؛ بەهیوام کە کۆمپانیاکانی بیمە بتوانن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن."
 
کالیفۆرنیا بەوە ناسراوە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر ئاگر لە دارستانەکانی ویلایەتەکە دەکەوێتەوە؛ تەنیا لە ساڵی 2022 زیاتر لە 7 هەزار و 600 جار ئاگر لە ویلایەتەکە کەوتووەتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە