سپەیس ئێکس بەنیازی شۆڕشێکە لە پەیوەندیی مۆبایلدا؛ 20 مانگی دەستکردی رەوانە کرد

10-05-2024
کاتی رەوانەکردنی یەکێک لە مانگە دەستکردەکان لەلایەن فالکۆن 9، رۆژی 8ی ئایاری 2024.
کاتی رەوانەکردنی یەکێک لە مانگە دەستکردەکان لەلایەن فالکۆن 9، رۆژی 8ی ئایاری 2024.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیای سپەیس ئێکس رایگەیاند، لە رێگای مووشەکی فالکۆن 9وە، 20 مانگی دەستکردی ستارلینکی ناردووەتە بۆشایی ئاسمان، کە 13 دانەیان کاران و پەیوەندی راستەوخۆیان بە مۆبایلەوە هەیە. 
 
کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 20 مانگی دەستکردی ستارلینکی بۆ بۆشایی ئاسمان رەوانە کردووە.
 
بەگوێرەی ئەو کۆمپانیایە، ئەم خزمەتگوزارییە نوێیەی ستارلینک ساڵێکە لەژێر تاقیکردنەوەدایە، وەک پێشتر ئەو کۆمپانیایەش رایگەیاندبوو، بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ خزمەتگوزارییەکە بکەوێتە بەردەستی بەکارهێنەران لە چەندین وڵاتی جیهاندا.
 
خزمەتگوزارییە نوێیەکە دەتوانێت پەیوەندی تەلەفۆن، کورتەنامە و ئینتەرنێت راستەوخۆ لە هەر شوێنێکی سەر زەوی بدات بەو مۆبایلانەی کە کارایی LTE واتە نەوەی چوارەمیان هەیە. 
 
کۆمپانیای سپەیس ئێکس رایگەیاندووە، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل یەکەمجار لە ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا و ئوسترالیا، چەند وڵاتێکی دیکە خزمەتگوزارییەکە بەردەست دەخات. 
 
ئەمساڵ، ئەمە 48ـەمین ناردنی مانگی دەستکردە بۆ بۆشایی ئاسمان لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکس، لە بنکەی بۆشایی ئاسمانی ڤاندینبێرگ لە ویلایەتی کارلیفۆرنیا. 
 
بەپێی ماڵپەڕی فەرمی ستارلینک، "یەکەم و گەورەترین ئەستێرەی مانگی دەستکردە لە جیهاندا کە خولگەی زەوی نزم بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی ‌هێڵی ئینتەرنێتی پێشکەوتوو کە توانای خێراکردنی هێڵی ئینتەرنێتی ڤیدیۆی راستەوخۆ، یاریی ئۆنڵاین، پەیوەندییە ڤیدیۆییەکانی هەیە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە