پاکستان ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی هیندستاندا کردەوە

10-05-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
دەسەڵاتی فرۆکەوانی پاکستان رایگەیاند، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی هیندستاندا کردەوە، ئەمە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوانیان. ئاگربەستەکە بە نێوەندگیری ئەمریکا و "بەشداری راستەوخۆی هەردوولا" بووە. 
 
رۆژی شەممە، 10ـی ئایاری 2025، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوانیان لەگەڵ هیندستان گوتی، "ئاسمانی پاکستان بە تەواوی بە رووی هەموو جۆرە گەشتێکی ئاسمانیدا کرایەوە". 
 
کردنەوەی ئاسمانی پاکستان دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە نێوەندگیری وڵاتەکەیان هیندستان و پاکستان گەیشتنە ئاگربەست. 
 
رۆژی 22ـی نیسانی ئەم ساڵ بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوانیان پاکستان ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکانی هیندستاندا داخست. 
 
زیادبوونی گرژییەکانی نیودەلهی و ئیسلاماباد دوای ئەوە هات کە رۆژی 22ـی نیسان لەو بەشەی کشمیر کە لەژێر دەسەڵاتی هیندستانە گرووپێکی چەکدار هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی و 26 کەسیان کوشت. هیندستان، پاکستانی بە هاوکاریکردنی ئەو گرووپە تۆمەتبارکرد و ئەویش رەتیکردەوە. 
 
دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەی ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی حکومەتی هیندستان رایگەیاند، ئاگربەست و "راگرتنی بۆردوومان و هێرشە سەربازییەکانی هیندستان و پاکستان بۆ سەر یەکدی بە بەشداری راستەوخۆی هەردوو وڵات بووە". 
 
پێش راگەیاندنی ئاگربەستەکەی ئەمڕۆ، پاکستان، هیندستانی بە بۆردوومانکردنی سێ بنکەی مووشەکی وڵاتەکە تۆمەتبارکرد کە یەکێکیان تەنیا 10 کیلۆمەتر لە ئیسلامابادی پایتەختییەوە دوورە. بەرپرسانی پاکستان دەڵێن، بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە 11 کەس کوژران. 
 
ئەم گەڕەی جەنگی هیندستان و پاکستان 18 رۆژی خایاند و بە گوێرەی راگەیێندراوەکانی هەردوولا، لەو ماوەیەدا نزیکەی 60 کەسی سڤیل کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە