رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەم هەفتەیە سەردانی سعودیە، ئیمارات و قەتەر دەکات و بە گوتەی خۆی، لە گەشتەکەیدا "هەواڵێکی گەورە" رادەگەیێنێت، کە لێکدانەوەی زۆر و جیاجیای بۆ دەکرێت.
داننان بە دەوڵەتی فەلەستین، گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس، وەستاندنی جەنگی غەززە، واژۆکردنی رێککەوتنی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران بەشێکن لەو کارانەی دەگوترێت لە هەگبەی ئەم هاتنەی ترەمپدان.
ئەمە یەکەمین سەردانی ترەمپە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بۆ ناوچەکە.
یەکێک لەو ئەگەرانەی باس دەکرێت، واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و سعودیەیە بۆ ئەوەی واشنتن لە دانانی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی ئاشتییانەدا یارمەتیی ریاز بدات، بەڵام ئەمە پرسێکی هێندە ساکار نییە و زۆر رەهەندی جیاواز لەخۆدەگرێت.
ئیدارەی ترەمپ پەرۆشیی خۆی بۆ رێککەوتنێکی لەم جۆرە نیشانداوە. کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا کە تازە لە سەردانێکی ئامادەکاری لە ریاز گەڕاوەتەوە، رایگەیاندووە، ئەم ساڵ جیهان دەتوانێت چاوەڕێی "پێشهاتی واتادار" بکات و ئەمریکا "زۆر بە پەرۆشە" بۆ ئەم ئەگەرە کە ملیاران دۆلار بۆ واشنتن کۆدەکاتەوە. درێژکردنی دەستی یارمەتیی بۆ سعودیە، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی چەندین ملیار دۆلار بۆ پیشەسازیی ئەتۆمیی ئەمریکا و وابکات پێش رکابەرەکانی وەک چین و رووسیا بکەوێت.
ئەم پەرۆشییە ئاستەنگی بەرچاوی لەپێشە. لە هەمووی لە پێشتر نیگەرانیی تەشەنەکردنی چەکی ئەتۆمییە. خەونی لەمێژینەی سعودیە بۆ هەبوونی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی تایبەت بە خۆی، تێبینی و نیشانەی پرسیاری زۆری لەسەرە. لە کاتێکدا پیتاندنی یۆرانیۆم دەتوانێت سووتەمەنیی ئەتۆمی بۆ وێستگەکانی کارەبا بەرهەمبهێنێت، هەمان تەکنەلۆجیا ئەگەر کۆتوبەندی توندوتۆڵی لەسەر نەبێت، دەتوانرێت بۆ دروستکردنی یۆرانیۆمی پێویست بۆ چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت.
ئەو قسەیەی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە ساڵی 2018 کردی، کاتێک گوتی "ئەگەر ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات، ئێمەش بە زووترین کات دروستی دەکەین،" هەرچەندە لە کاتێکدا کردی کە گرژییەکان لەگەڵ تاران لەوپەڕی تووندی دابوون، تاوەکو ئەمڕۆش ترس و گومان دروستدەکات لەسەر ئەوەی راز و مەرامی کۆتایی و ئامانجی ستراتیجیی شانشینەکە لە هەبوونی بەرنامەیەکی ئەتۆمی چییە.
جۆن ئاڵتەرمان، سەرۆکی بەرنامەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی (CSIS)، پێیوایە ترەمپ لە گەشتەکەیدا لەسەر ئەم بابەتە هەر بڕیارێک بدات، هەنگاوێکی بچووک دەبێت، نەوەک رێککەوتنێکی گەورەی تەواوی کۆتایی، چونکە ئێستا لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ئێران لەگفتوگۆدایە و دەیەوێت هاوسەنگی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەکە کە زۆربەی کات نەیاری یەک بوون، لە ناوچەکەدا بپارێزێت.
ئاڵتەرمان روونیدەکاتەوە کە دەکرێت ترەمپ شتێک بکات بۆ ئەوەی وای پیشان بدات پێکەوەکارکردنی واشنتن و ریاز لەسەر بابەتی ئەتۆمیی سعودیە بەرەوپێشچوون بەخۆوە دەبینێت، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆی لە دنەدانی ئێران بەدوور بگرێت.
پاساوەکانی سعودیە بۆ بەرنامەی ئەتۆمی
شانشینەکە کە خاوەن یەدەگێکی زەبەلاحی نەوتە، بەدوای وزەی ئەتۆمییەوەیە بۆ ئەوەی بەکاربردنی نەوت لە نێوخۆدا کەمبکاتەوە.
ئێستا یەک لەسەر سێی بەرهەمی نەوتەکەی لە نێوخۆی وڵاتەکەدا بەکاردەبات و لە بەرهەمهێنانی کارەبادا خەرجی دەکات، بەڵام دەیەوێت چیدیکە ئەوە نەهێڵێت و ئەو بەشە نەوتەش هەناردەی دەرەوە بکات. یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی دیدگەی 2030ـی بن سەلمان، پەرەپێدانی کەرتێکی دەوڵەمەندی کانزاکارییە بۆ سعودیە، لە نێویدا دەرهێنانی یۆرانیۆم. هەرچەندە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەو بڕوایەدایە کە یەدەگی یۆرانیۆمی شانشیەنەکە هێندە گەورە نییە ببێتە ستوونێکی ئابووری.
ئیدارەی ترەمپ هەر رێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ تاران بکات کە رێگە بە ئێران بدات بەرنامەکەی بهێڵێتەوە یان فراوانی بکات، دەکرێت وا بکات کە سعودییەکانیش گوشاری زیاتری بخەنەسەر و داوای هەمان شت بکەن.
خاڵێکی دیکەش لە بەرژەوەندیی سعودیەدایە؛ پێشكێشكردنی یارمەتیی تەکنەلۆجیی ئەمریکی بۆ دروستکردنی کوورە و ناوەندی کارلێکی ئەتۆمی لە سعودیە، بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەستکەوتێکی گەورە و بەپیت دەبێت.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، راستییەک هەیە کە نابێت نادیدە بگیرێت، وەک حەسەن ئەلحەسەن، لێکۆلینڤانی باڵا لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی (IISS) ئاماژەی پێکردووە: "ئەگەر ئەمریکا دابینی نەکات، ئەوا یەکێکی دیکە دەیکات،" رەنگە بە مەرج و کۆتوبەندی کەمتریشەوە."
رۆبێرت ئاینھۆرن، لە پەیمانگای برۆکینگز، پار هۆشداری دا کە ئەگەر واشنتن رێ بە بە سعودیە بدات دامەزراوەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت، ئەوا سیاسەتی ئەمریکای بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی چەکی ئەتۆمی دەیان ساڵ پاشەکشە دەکات و رەنگە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری چەکە تۆقێنەرەکە.
راگەیاندنی هەواڵێکی گەورە؛ فەلەستین، دەستکەوتی ئابووری یان زیاتر؟
ئەوەی کە گومانەکانی زیاتر ورووژاندووە، ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکیدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئاماژەی بە راگەیاندنی "هەواڵێکی زۆر گرنگ" کرد و بەڵێنیدا لە لووتکەکەیدا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو وردەکارییەکانی ئاشکرا بکات. ئەمە لە سەرانسەری ناوچەکە رنوویەک لێکدانەوە و گومانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی کەنداو کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پێگەی میدیا ڵاینی ئەمریکی گوتووە: "سەرۆک ترەمپ جاڕنامەیەک لە بارەی دەوڵەتی فەلەستین و داننانی ئەمریکا پێیدا دەردەکات و دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی بێ حەماس رادەگەیێنێت." سەرچاوەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمە "هاوسەنگیی هێز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت و وا دەکات وڵاتی زیاتر بچنە نێو رێککەوتنەکانی ئەبراهام."
بەڵام، ئەحمەد ئیبراهیم، دیپلۆماتی پێشووی کەنداو لە قسەکانیدا بۆ هەمان میدیا گومانی خۆی لە داننانی ترەمپ بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەربڕیوە و پێیوایە، ئامادەنەبوونی سەرکردەکانی میسر و ئوردن لە لووتکەکە، کە لە دۆزی فەلەستیندا لایەنە پەیوەندیداری هەرە سەرەکین، ئەگەرەکە دوور دەخاتەوە.
لە بری ئەوە، دیپلۆماتەکە پێشبینی "رێککەوتنی گەورە" دەکات کە "رەنگە هاوشێوەی ئەوەی لە لووتکەی ساڵی 2017ـی کەنداو و ئەمریکای بێت" کاتێک ریاز بە بەهای زیاتر لە 400 ملیار دۆلار رێککەوتنی لەگەڵ واشنتن کرد.
هۆکارێکی دیکەی ئەم بیرکردنەوەیەی ئیبراهیم، وەک خۆی شیدەکاتەوە، ئەوەیە کە ئیمارات و سعودیە بەڵێنیان بە واشنتن داوە وەبەرهێنانی گەورە لە ئەمریکادا بکەن.
سەردانەکانی دواتری ترەمپ بۆ ئیمارات و قەتەر زیاتر پەیوەندییان بە رەهەندە ئابوورییەکەوە هەیە. ئەحمەد بوشوکی، شرۆڤەکاری سیاسیی سعودی، بە هەمان شێوە، پێیوایە ئەم سەردانانە زیاتر بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئابوورین. ئەو ئاماژە بە قسەکەی ترەمپ دەکات کە بە ئەمریکییەکانی گوت "ئێستا پشک بکڕن"، وەک ئاماژەیەک بۆ باشبوونی ئابووریی ئەمریکا لە ئەنجامی راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتری بیانی.
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە، بوشوکی پێوایە هێندە پرسێکی نوێ و جێگەی بایەخ نییە، چونکە "سعودیە لە ساڵی 2010ەوە بەرنامەیەکی راگەیاندووە و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئێستا کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە."
پلانی دانانی یەکەم کوورەی ئەتۆمیی شانشینەکە نەوەستاون و لە پێشکەوتندان، لە کاتێکدا دەمێکە ئیمارات وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بەرەکەی وەگەڕخستووە.
جیۆسیاسەتی ژێر شەپۆڵەکان: ناونانی کەنداو، نزیکبوونەوە لە ئێران و ئاشتی لە غەززە
ئەوەی دیمەنە دیپلۆماسییەکەی ئاڵۆزتر کردووە، دەنگۆی ئەوەیە کە گوایە ترەمپ بیر لەوە دەکاتەوە بە فەرمی ناوی کەنداو بگۆرێت بۆ کەنداوی عەرەبی، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا لە ئەمریکا وەک کەنداوی فارس دانی پێدا دەنرێت. دوو بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەم بابەتە لەژێر گفتوگۆدایە و ترەمپ خۆیشی رایگەیاندووە لە گەشتەکەیدا "دەبێت بڕیارێک بدات،" لە هەمان کاتیشدا، دانی بەوەدا ناوە کە ئەم باتە هەستیارە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هەر زوو ئەم نیازەی سەرکۆنە کرد و هۆشداری دا کە "تووڕەیی هەموو ئێرانییەکانی لێدەکەوێتەوە" و جەختی لە پێشینەی مێژوویی "کەنداوی فارس" کردەوە. وروژاندنی ئەم بابەتە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ تاران لە دانوستاندنی سەرئێشەداردایە.
لە هەواڵێکی چاوەڕواننەکراودا، کیومەرس یەزدانپەناهـ، شارەزای کاروباری نێودەوڵەتیی ئێرانی بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند کە رەنگە سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە، هەوڵبدات گفتوگۆ لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بدات. بەڵام ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو دەنگۆیە "تەواو هەڵبەستراو و بێبنەمان."
لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل هەیۆمی ئیسرائیلی، بە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبت، باس لەوە دەکات کە رەنگە ترەمپ ئاگربەستێک بۆ غەززە رابگەیەنێت. گوایە رێککەوتنەکە بە جۆرێک دەبێت کە رۆڵێکی بەرچاو لە ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردنی غەززەدا بە واشنتن دەدات و رەنگە دڵنیایی بە حەماس بدات لەوەی لە داهاتوودا لە بەڕێوەبەردنی شارستانیانەی غەززەدا بەشدار دەبێت یان چەکدارەکانی دەبنە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی. سازشگەلێک کە ئیسرائیل بە توندی لە دژیان دەوەستێتەوە. راپۆرتەکە تیشکی خستە سەر نیگەرانییەکانی حکومەتی ئیسرائیل کە رەنگە ترەمپ رێککەوتنێکی لەو جۆرە وەک "ئەمری واقیع" پێشکەش بکات و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بخاتە دۆخێکی سیاسیی سەختەوە کە دەبێت بە ناچاری پێی رازی بێت.
گۆڕانە هەرێمییەکان
چاوەڕوان دەکرێت لووتکەی داهاتووی کەنداو و ئەمریکا لە ریاز هەموو سەرکردەکانی کەنداو کۆبکاتەوە، جگە لە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، کە ماوەیەکی درێژە بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە کەم دەردەکەوێت.
وا دەردەکەوێت ئیدارەی ترەمپ خەریکی "هەڵوەشاندنەوەی" هەندێک لەو دانوستاندنە پێکەوەبەستراوانەیە کە لە سەردەمی ئیدارەی بایدن هەبوون، کە تێیدا هاوکاریی ئەتۆمی بەسترابووەوە بە گەرەنتیی ئەمنی، پرسەکانی فەڵەستین و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیل. بەڵام وەک ئاڵتەرمان ئاماژەی پێکرد، هێشتا رێی تێدەچێت ترەمپ رێککەوتنێکی گەورەی ئەتۆمیی سڤیل بەکاربهێنێت بۆ پێشخستنی رێککەوتنەکانی ئەبراهام و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی سعودیە و ئیسرائیل، کە ئامانجێکی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ