بەلەمێکی کۆچبەران لە نێوان یۆنان و ئیتاڵیا گیری خواردووە و بەشێکی سەرنشینانی کوردن

10-05-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چالاکڤانێکی کۆچبەران دەڵێت، بەلەمێک لە ئاوی ئازادی نێوان یۆنان و ئیتاڵیا بەهۆی جێهێشتنی کاپتنەکەیەوە بە ژمارەیەک کۆچبەرەوە کە بەشێکیان کوردن گیریان خواردووە.
 
رەنج پشدەری، چالاکڤانی بواری کۆچبەری لە ئەورووپا، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەلەمەکە نزیکەی 70 کەسی تێدایە و لە ئاوی ئازاد دان، ژمارەیەکیان کوردن".
 
رەنج پشدەری دەڵێت، "ئەو شوێنە کە بە ئاوی ئازاد ناسراوە، لەژێر دەسەڵاتی تایبەتی ئیتاڵیا یان یۆنان نییە، بۆیە زۆر جار تیمەکانی فریاگوزاری بەهانایانەوە ناچن، یان درەنگ دەکەون."
 
ئەو چالاکڤانە ئاماژەی بەوەشکرد، رێکخراوە فریاگوزارییەکانی یۆنانی لە دۆخی کۆچبەرەکان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی بچن بەدەمیانەوە و رزگاریان بکەن.
 
لەکاتی گەیشتنی بەلەمەکانی کۆچبەران بە سنووری ئاوی ئیتاڵیان یان کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، کاپتنی بەلەمەکان لە رێگەی چووپەوە خۆیان رزگار دەکەن بۆ ئەوەی لەکاتی چوونی پۆلیسدا ئەوان دەستگیر نەکرێن.
 
29ـی نیسانی ئەم ساڵ، رێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ هاوئاهەنگی لەبارەی کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، پار 142 کەس تەنیا بەهۆی بەهاناوەچوونی کۆچبەرانەوە دادگەیی کران.
 
بە گوێرەی رێکخراوەکە، ئەو کەسانەی دادگایی کراون، 80یان هاوکاریی کۆچبەرانیان لە دەریادا کردبوو یان لەکاتی نقومبوونی بەلەمەکانیاندا رزگاریان کردوون. هەروەها، 20یان تەنیا بەهۆی ئەوەوە دادگەیی کراون کە خۆراک، ئاو و جلوبەرگیان بە کۆچبەران داوە. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەران، پار 208 هەزار و 679 کۆچبەر بە دەریای نێوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقاوە چوونە ئەورووپا کە 29٪ی لە 2023 کەمترە و 10٪یشی لە پێرار زیاترە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە