رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی تووندی کردەسەر سیاسەتەکانی سەرۆکی پێشوو و پێشووتری وڵاتەکەی بەرامبەر بە تاران و رایگەیاند، ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵە یاری بە ئەمریکا و جیهان دەکات. دەشڵێت، تاران بە کوشتنی 42 هەزار خۆپیشاندەر پێ بە بنەماکانی مرۆڤایەتیدا دەنێت.
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی نوێدا لە "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، ئێران بۆ چەندین دەیە تەنیا سیاسەتی "دواخستن"ی پەیڕەو کردووە، بەڵام لە سەردەمی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکادا گەیشتنە ئەوەی دەیانویست.
ترهمپ گوتی: "ئۆباما نەک هەر باش بوو بۆیان، بەڵکو نایاب بوو، چونکە چووە لای ئەوان و ئیسرائیل و هەموو هاوپەیمانەکانی دیکەی پشتگوێخست و ژیانێکی نوێی بە رژێمەکەیان بەخشی."
سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی ئەو پارانەی ئاشکرا کرد کە لە سەردەمی واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی 2015دا دران بە ئێران و گوتی: "سەدان ملیار دۆلار و 1.7 ملیار دۆلاری کاش بە فڕۆکە رەوانەی تاران کران. هەمو بانکەکانی واشنتن و ڤێرجینیا و ماریلاند خاڵی کرانەوە؛ پارەکە هێندە زۆر بوو کاتێک گەیشت، پیاوە خراپەکانی ئێران نەیان دەزانی چی لێ بکەن. ئەوان هەرگیز پارەی وایان نەبینیبوو."
ترهمپ، باراک ئۆبامای بە سەرۆکێکی "لاواز و گەمژە" وەسف کرد و گوتی، ئەو و جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گەورەترین خەڵەتاوی دەستی ئێران بوون. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێرانییەکان بۆ چەندین ساڵە بە بۆمبی چێنراو خەڵکی ئەمریکا دەکوژن و لەم دواییانەشدا 42 هەزار خۆپیشاندەری بێتاوان و بێچەکیان کۆمەڵکوژ کردووە.
ساڵی 2015، بە سەرۆکایەتیی ئۆباما، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمییان لەگەڵ ئێران واژۆکرد. رێککەوتنەکە توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی لەلایەن ئێرانەوە سنووردارکرد لە بەرامبەردا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سزاکانی سەر ئێرانیان هەڵگرت و بەشێک لە پارەی بلۆککراوی ئەو وڵاتەیان ئازادکرد.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترهمپ هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و رایگەیاند، چیدیکە رێگە نادەن تاران گاڵتە بە ئەمریکا بکات، کە بە گوتەی ئەو ئێستا جارێکی دیکە بووەتە وڵاتێکی مەزن. ترهمپ گوتی: "ئەوان چی دیکە پێمان رانابوێرن و پێمان پێناکەنن!"
ئەم لێدوانانەی ترهمپ لە کاتێکدا دێن کە ئەمڕۆ ئێران وەڵامی پێشنیازێکی ئەمریکای بۆ ئاگربەست دایەوە. بە گوێرەی گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکاش بێت، پێناچێت وەڵامەکە بە دڵی بەرپرسانی کۆشکی سپی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ