رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمریکا دەڵێ، تێچووی جەنگی ئێران بۆ نزیکەی 29 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. هاوکات پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە دانیشتنێکی کۆنگرێسدا رووبەڕووی رەخنەی تووندی یاسادانەران بووەوە سەبارەت بە تێچوو، ستراتیژ و "ناڕوون"ی جەنگەکە و داواکاریی بودجەی 1.5 تریلیۆن دۆلاریی وەزارەتەکەی.
رۆژی سێشەممە 12-05-2026، لە دانیشتنێکی لیژنەی تەرخانکردنی بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، جەی هێرست، یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئامارێکی نوێی لەبارەی تێچووی جەنگەکەوە ئاشکرا کرد.
هێرست رایگەیاند: "تێچووی جەنگەکە بۆ نزیکەی 29 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە،" لە کاتێکدا دوو هەفتە لەمەوبەر وەزارەتەکە رایگەیاند، 25 ملیار دۆلارە.
هێرست هۆکاری زیادبوونەکەی گەڕاندەوە بۆ "تێچووی چاککردنەوە و گۆڕینی کەرەستەکان" و "تێچووە گشتییەکانی ئۆپەراسیۆنەکان."
هێگسەس و دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکانی ئەمریکا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی پێشنیازکراوی 1.5 تریلیۆن دۆلاریی پێنتاگۆن بۆ ساڵی 2027 ئامادەی دانیشتنەکە بوون، بەڵام جەنگی ئێران و تێچووەکانی باڵی بەسەر دانیشتنەکەدا کێشا.
گرفتی بودجەی جەنگ و "ناڕوونی"ی ئیدارەی ترەمپ
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی نیگەرانیی یاسادانەران ئەوە بوو، بودجە 1.5 تریلیۆن دۆلارییەکە تێچووی جەنگی ئێرانی لەخۆنەگرتووە و کۆنگرێس چەندین هەفتەیە چاوەڕێی پێشکێشکردنی داواکارییەکی بودجەی تایبەت بە جەنگ دەکات.
کێن کاڵڤێرت، سەرۆکی کۆماریی لیژنە لاوەکییەکەی تەرخانکردنی بودجەی بەرگری، پرسیاری لە هێگسەس کرد، کەی ئەو داواکارییە پێشکێش دەکەن؟ هێگسەس لە وەڵامدا گوتی: "هەر شتێک پێمانوابێت پێویستمانە، پێشکێشی دەکەین،" بەڵام وەڵامی پرسیارەکەی نەدایەوە.
بێتی مکۆڵم، دیموکراتی لیژنەکە، رەخنەی لە "نەبوونی شەفافیەت" گرت و رایگەیاند: "تەنانەت دوای ئەوەی ئیدارە رایگەیاند، جەنگ کۆتایی هاتووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامن."
مکۆڵم داوای روونکردنەوەی کرد لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی پێویستە بۆ ئۆپەراسیۆنییەکان، هێشتنەوەی کەشتییەکان، پڕکردنەوەی کۆگەکانی تەقەمەنی، قەرەبووکردنەوەی کەرەستە لەدەستچووەکان، تێچووی سووتەمەنی و چاککردنەوەی دامەزراوە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە.
ناکۆکی لەسەر کەمبوونەوەی تەقەمەنی
پرسی کەمبوونەوەی کۆگەکانی چەک و تەقەمەنیی ئەمریکا یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانیشتنەکە. هێگسەس رەخنەکانی رەتکردنەوە و گوتی: "پرسی تەقەمەنی بە شێوەیەکی گەمژانە و بێسوود گەورە کراوە. ئێمە بەتەواوی دەزانین چیمان هەیە. بەشی پێویستمان هەیە."
بەڵام ئەم لێدوانەی هێگسەس لەگەڵ بەشێکی گەورەی داواکاریی بودجەکەدا ناگونجێت، کە بۆ پڕکردنەوەی کۆگە بەتاڵبووەکانی تەقەمەنی تەرخانکراوە. جەنەراڵ دان کەینیش هەوڵی دا نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە و گوتی: "ئێمە تەقەمەنیی پێویستمان هەیە بۆ ئەو ئەرکانەی پێمان سپێردراون."
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ و کۆنگرێس پێشتر رایانگەیاندبوو، جەنگەکە پێنتاگۆنی ناچار کردووە بە پەلە بۆمب، مووشەک و کەرەستەی دیکە لە کۆگەکانی ئاسیا و ئەورووپاوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگوازێتەوە، ئەمەش ئامادەیی ئەمریکای بۆ رووبەڕووبوونەوەی رکابەرەکانی وەک رووسیا و چین کەمکردووەتەوە.
رەخنەی تووندی دیموکراتەکان
دیموکراتەکان بە تووندی هێرشیان کردە سەر هێگسەس. سیناتۆر کریس کونز، دیموکرات لە ویلایەتی دێلاوێر، بە هێگسەسی گوت: "هەندێک جار وا دەردەکەوێ ئێوە پەرۆشترن بۆ بردنەوەی جەنگە کولتوورییەکان وەک لە بردنەوەی ئەو جەنگە راستەقینەیەی کە تێیداین."
رۆزا دیلۆرۆ، دیموکراتی لیژنەی تەرخانکردنی بودجەی ئەنجوومەنی نوێنەران، باسی لە "نەبوونی شەفافیەت" کرد و گوتی: "دەبێت لە کۆتایی جەنگەکەدا وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە: چیمان بەدەستهێنا و بە چ تێچوویەک؟"
شەڕە قسە لەبارەی ئاگربەست و پلانی داهاتوو
هێگسەس لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئاگربەستەکە، بە شێوازێکی ناڕوون گوتی: "زۆربەی کات، ئاگربەست واتە راگرتنی شەڕ، ئێمەش دەزانین کە ئەمە روویداوە لە کاتێکدا گفتوگۆکان بەڕێوەدەچن." ئەمەش دوای ئەوە دێت، ترەمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاند ئاگربەستەکە "لەسەرەمەرگدایە".
کاتێک پرسیاری پلانی داهاتووی لێکرا، هێگسەس گوتی: "پلانمان هەیە بۆ زیادبوونی گرژییەکان ئەگەر پێویست بکات؛ پلانمان هەیە بۆ پاشەکشە ئەگەر پێویست بکات. پلانمان هەیە بۆ گواستنەوەی هێز و کەرەستە سەربازییەکان،" بەڵام ئامادە نەبوو لە دانیشتنەکەدا وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
دانیشتنەکە بە گرژی دەستیپێکرد، کاتێک هێگسەس گەیشتە هۆڵەکە، رووبەڕووی ناڕەزایەتیی چالاکڤانێک بووەوە کە دەستەکانی بە رەنگی سوور، هاوشێوەی خوێن، رەنگکردبوو و داوای لە وەزیری جەنگ کرد جەنگی ئێران رابگرێ.
لە سەرەتای قسەکانیدا، هێگسەس هیچ ئاماژەیەکی بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەکرد، ئەمەش جیاواز بوو لە دانیشتنەکەی دوو هەفتە لەمەوبەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ