رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا رێوشوێنی ئەمنیی توندی لەسەر سنوورەکانی گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کاردانەوەی جیاواز لەنێو لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا.
رێوشوێنەکان لەسەر سنوور
بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی 14 هەزار پۆلیسی فیدراڵی لەسەر سنوورەکانی ئەڵمانیا، بەتایبەتی لەگەڵ پۆڵەندا، نەمسا، چیک و سویسرا جێگیر کراون. لەسەر سنووری پۆڵەندا، کە زۆرترین هێزی لێ کۆکراوەتەوە، پشکنینێکی وردی ناسنامەکان دەکرێت و پۆلیس هەر ئۆتۆمبێلێکی گوماناوی رادەگرێت و کۆنترۆڵی تووندی دەکات بە مەبەستی رێگریکردن لە هاتنی کۆچبەری نایاسایی و سنوورداشکردنەوەیان.
ئەم رێکارە توندانە بوونەتە جێگەی مشتومڕێکی گەرم لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا و لەنێو کۆمەڵگەکەدا، کە تێیدا لایەنگران و دژبەرانی سیاسەتەکە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.
بەرگریی حکومەت لە بڕیارەکان
حکومەتی نوێی ئەڵمانیا، کە لە هاوپەیمانیی سۆسیال دیموکراتەکان و کریستیان دیموکراتەکان پێکهاتووە، جەخت لەسەر پێویستیی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی کۆچ دەکاتەوە. پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) کە بەشێکە لە حکومەت، بەرگری لەم هەنگاوانە دەکات.
سباستیان فیدلەر، ئەندامی پەرلەمان لە پارتی سۆسیال دیموکراتەکان (SPD) دەڵێت، "ئێمە لە رێککەوتنی هاوپەیمانێتیدا ئەم رێکارانەمان واژۆ کردووە و وەزیری ناوخۆی فیدراڵ فەرمانێکی دەرکردووە کە پۆلیس دەبێت پەیڕەوی بکات. ئەو مشتومڕەی دروست بووە، پەیوەندی بە بڕیاری دادگای بەرلینەوە هەیە کە دەڵێت پێویستە رێکارە ئەوروپییەکان جێبەجێ بکرێن؛ واتە لەسەر سنوور دەبێت پشکنین بکرێت کە کام وڵاتی ئەورووپی بەرپرس بووە لە پرۆسەی پەنابەریی ئەو کەسە. پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا دەتوانن بێنە ناو ئەڵمانیا یان نا. بەپێچەوانەوە، دادگا رایگەیاندووە کە مافی هاتنەژوورەوەیان نییە، بەڵام ئێمە دەبێت دیاری بکەین کام وڵات بەرپرسە، چونکە ئەو کەسانەی لەنێو یەکێتیی ئەورووپادان، لە ئاسایشدان و چیتر لە مەترسیی راوناندا نین."
هاوکات پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) ئاماژە بە ئەنجامی ئەرێنیی رێوشوێنەکان دەکات.
کریستینا شتومپ، جێگری سکرتێری گشتیی پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) دەڵێت، "ئێمە لە 8ی ئایارەوە دەستمان بە کۆنترۆڵی بەردەوامی سنوورەکان و گەڕاندنەوەی کۆچبەران کردووە. لەو کاتەوە نزیکەی 2200 کەسمان گەڕاندووەتەوە و 6667 فەرمانی دەستگیرکردنمان جێبەجێ کردووە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە رێکارەکان ئەنجامیان هەیە. بۆیە راوێژکار فریدریش مێرتس و وەزیر دۆبریندت بەڕوونی گوتوویانە کە ئێمە لەسەر ئەم رێکارانە بەردەوام دەبین. هەروەها دەمانەوێت یەکگرتنەوەی خێزان بۆ ئەو کەسانە رابگرین کە مافی پاراستنی لاوەکییان هەیە."
ناڕەزایەتیی ئۆپۆزسیۆن و رێکخراوەکان
سەرباری سووربوونی حکومەت، دەنگی ناڕەزایەتی لەلایەن کەنیسەکان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دادگای کارگێڕیی بەرلینەوە بەرز بووەتەوە. لەنێو پەرلەمانیشدا، پارتی چەپەکان و پارتی سەوزەکان کە لە ئۆپۆزسیۆندان، بەتووندیی رەخنە لەم سیاسەتانە دەگرن.
کلارا بوینگەر، گوتەبێژی پارتی چەپەکان: "کاتێک یەکێتیی کریستیان دیموکراتەکان باس لە گۆڕانکاری لە سیاسەتی پەنابەری دەکات، ئەمە زۆر نیگەرانکەرە، چونکە ئەمانە هەمان ئەو داواکارییانەن کە پارتی ڕاستڕەوی توندڕەوی (AfD) داوای دەکرد. گەڕاندنەوەی کۆچبەران لەسەر سنوور و راگرتنی یەکگرتنەوەی خێزان، هەموویان نایاسایین و دژی مافە بنەڕەتییەکان و سەروەریی یاسان. بۆیە زۆر گرنگە ئێمە دژی بوەستینەوە."
لامیا کادۆر، ئەندامی پەرلەمان لە پارتی سەوزەکان باس لەوە دەکات، "ئێمە وەک پارتی سەوزەکان بەڕوونیی دەڵێین، ئەوەی حکومەت لەسەر سنوورەکان دەیکات نایاساییە. رەتکردنەوەی کۆچبەران و راگرتنی یەکگرتنەوەی خێزان زیان بە پێکەوەژیانی کۆمەڵگە دەگەیەنێت. ئێمە داوا دەکەین یاسای یەکێتیی ئەورووپا جێبەجێ بکرێت و لەبری ئەوەی تەنها باس لە کۆچ بکرێت، باس لە خۆگونجاندن (ئینتەگراسیۆن) بکرێت، چونکە ئەڵمانیا پێویستی بە دەستی کار هەیە و دەبێت رێگە بۆ ئەو کەسانە خۆش بکرێت کە دەیانەوێت لێرە کار بکەن و بژین."
هەنگاوەکانی داهاتوو
جگە لە تووندکردنی سنوورەکان، حکومەتی ئەڵمانیا پلانی هەیە مافی پێدانی وڵاتینامەی خێرا (کە پێشتر دوای سێ ساڵ دەدرا) رابگرێت. هەروەها کار بۆ راگرتنی مافی یەکگرتنەوەی خێزان بۆ ئەو پەناخوازانە دەکات کە هێشتا بە فەرمی وەرنەگیراون، بڕیارێک کە کاریگەری لەسەر زیاتر لە 380 هەزار پەناخواز دادەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ