رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، رۆژی هەینی رایگەیاند، خەڵاتی نۆبڵ "هەموو متمانەیەکی لەدەستداوە"؛ هەروەها دەڵێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "کاری زۆر"ی بۆ چارەسەرکردنی "قەیرانەکانی" جیهان کردووە.
بەڵام سەرۆکی رووسیا دەڵێت، ئەوە کاری ئەو نییە بڕیار بدات کە ئایا ترەمپ شایەنی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵە یان نا.
لەدوای دەستبەکاربوونەوەی وەک سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە شایەنی خەڵاتی نۆبڵە لەبەر ئەوەی بە گوتەی خۆی، رۆڵی لە چارەسەرکردنی چەندین ململانێی و جەنگدا هەبووە، وێڕای ئەوەی نەیار و رەخنەگرانی دەڵێن، لەم بانگەشەیەدا، ترەمپ زێدەڕۆیی دەکات.
رۆژێک پێش راگەیاندنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ترەمپ قسەکەی دووپاتکردەوە و گوتی، ئەم هەفتەیە کۆتایی بە هەشتەمین جەنگ هێناوە، ئەوەش دوای ئەوەی بە نێوەندگیریی ئەو، قۆناخی یەکەمی ئاگربەست لە غەززە واژۆی لەسەر کرا.
پووتین لە تاجیکستان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ترەمپ شایەنی خەڵاتەکەیە، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "من نیم بڕیار لەسەر ئەوە بدەم کە ئایا سەرۆکی ئێستای ئەمریکا شایەنی خەڵاتی نۆبڵە یان نا. من نازانم."
گوتیشی "بەڵام ئەو بەڕاستی کاری زۆر دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە ئاڵۆزانە کە چەندین یان تەنانەت دەیان ساڵە بەردەوامن."
پووتین ئاماژەی بە جەنگی غەززە کرد و گوتی، "ئەگەر سەرکەوتوو بین لە بەدەستهێنانی هەموو ئەو شتانەی دۆناڵد هەوڵیان بۆ دەدات، ئەوە دەبێتە رووداوێکی مێژوویی."
بەڵام لە هەمان کاتدا رەخنەی لە لیژنەی نۆبڵ گرت کە لە رابردوودا خەڵاتی ئاشتی "بەو کەسانە بەخشیوە کە هیچ شتێکیان بۆ ئاشتی نەکردووە."
گوتیشی، "بە بڕوای من، ئەم بڕیارانە زیانێکی گەورەیان لە متمانەپێکردنی ئەم خەڵاتە داوە."
ترەمپ ڤیدیۆی ئەم قسانەی پووتینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵی خۆی بڵاوکردەوە و لە سەری نووسیوە: "سوپاس بۆ سەرۆک پووتین!"
لە ماوەی ئەم خولەی سەرۆکایەتییدا، ترەمپ هەوڵی داوە لە مۆسکۆ و پووتین نزیکبێتەوە.
ترەمپ هەروەها لە مانگی ئابدا لە لووتکەیەکدا لە ئەلاسکا، میوانداریی پووتینی کرد.
رۆژی هەینی، لیژنەی نۆبڵی نەرویجی خەڵاتەکەی بەخشییە ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزوێلا، کە ئەویش خەڵاتەکەی پێشکێشی ترەمپ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ