رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا ئەوانەی مافی مانەوەیان رەتدەکرێتەوە و ناکرێت بنێردرێنەوە وڵاتەکانی خۆیان، لە چوارچێوەی سیستمێک و کۆمەڵێک مەرجدا رێگەیان پێدەدرێت بەشێوەیەکی کاتی لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بمێننەوە و کاربکەن.
ئەڵمانیا چاوپۆشی لە ناردنەوەی کۆچبەران دەکات و بە ئەڵمانی پێیدەگوترێت (دوڵدوونگ). لەو ماوەیەدا ئەگەر سەلماندیان بۆ کۆمەڵگە و ئابووریی ئەڵمانیا پێویستن، شانسی وەرگرتنی جۆرەکانی دیکەی مافی مانەوەیان دەبێ کە جیاوازە لە مافی پەنابەری.
تاوەکو ئێستا ئەوانەی پێش مانگی هەشتی 2018 چووبوونە ئەڵمانیا و داوای پەنابەرییان رەتکرابووەوە، مافی کارکردن و دوودڵدونگیان وەردەگرت. لەمەودوا ئەمە وا نامێنێت و ئەوانەش کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022 چوونەتە ئەڵمانیا، بە کۆمەڵێک مەرجەوە دەتوانن دوڵدوونگیان هەبێت و کاربکەن.
گۆڕانکارییەکی دیکە ئەوەیە کە دەبووایە ئەو کەسانە بیسەلمێنن کارێكیان دۆزیوەتەوە کە 35 کاژێرە لە هەفتەیەکدا، ئەمەش دەگۆڕێت و دەکرێتە 20 کاژێر.
هەروەها جاران هەرکەسێک توانیبای بۆ ماوەی 18 مانگ بە فەرمی کار بکات و بیسەلمێنێت کاری کردووە، مافی مانەوەی بۆ کار دەدرایێ، لەمەودوا ئەوەش دەبێتە 12 مانگ.
مانگی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، گۆڕانکارییە نوێیەکانی سیستمی وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەڵمانیای ئاشکرا کرد و رایگەیاند، وەرگرتنی وڵاتینامەی لە هەشت ساڵەوە کردە پێنج ساڵ. هەروەها لابردنی هەندێک رێکاری تووندی لەسەر ئەو کۆچبەرانە هەڵگرت کە هەڵگری وڵاتینامەی دووەمن.
ئەڵمانیا لە تەنیشت ئەو ئاسانکارییانە بۆ کۆچبەران، بڕیاری تووند و نوێشی هەن بۆ قاچاخچی و تاوانکاران. بۆنموونە جاران (ئەوانەی ژیانی کەسانی دیکە دەخەنە مەترسییەوە) سزای زیندانییەکەیان بەلایەنی کەمەوە 3 ساڵ و بەلایەنی زۆرەوە 15 ساڵ زیندان بوو، لەمەودوا سزاکە دەبێتە بەلایەنی کەمەوە 10 ساڵ زیندان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ