وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا بۆ رووداو: پێویستە هەرێمی کوردستان پێگەی خۆی لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیدا بەهێز بکات

10-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵبژاردنی عێراق راگەیاند و "پەیامێکی گرنگ"ـی بۆ هەرێمی کوردستان نارد. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت: "گرنگە هێزی سیاسیی هەرێمی کوردستان پێگەی خۆی لەناو دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا بەهێز بکات."

رۆژی دووشەممە، 10-11-2025، پییەر ستیڤەرلینک، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی تەنیا ئەحمەد، ئیدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو رایگەیاند: "بەلجیکا پشتیوانی لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق و ئەو پێشکەوتنە دەکات کە عێراق بەدەستیهێناوە."
 
ستیڤەرلینک ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرچەندە دۆخەکە بە گشتی ئاڵۆزە، بەڵام "وا دیارە بۆ هەڵبژاردنێکی راستەقینەی گەلی عێراق گونجاوە."
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا بە روونی پەیامی وڵاتەکەی خستەڕوو و گوتی: "بەلجیکا پشتیوانی لە بەشداریی هەرێمی کوردستان دەکات لە پرۆسەی هەڵبژاردن دا بە گوێرەی یاسا دامەزراوەییەکانی عێراق. گرنگە کە هێزی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە پابەندبوون بە یاسا دەستوورییە دانراوەکان بەردەوام بێت و پێگەی خۆی لەناو دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا بەگوێرەی ئەو یاسایانە بەهێز بکات."
 
هاوکات، ستیڤەرلینک ئەوەشی روونکردەوە کە "حکومەتی بەلجیکا راستەوخۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان ناکات،" بەڵام هانی هەموو لایەنەکانی دا سازش بکەن.
 
"ئێمە هانی هێزە مەزهەبی و هەرێمییە جیاوازەکان دەدەین کە سازشی پێویست بکەن بۆ ئەوەی بە گیانێکی کراوەییەوە بگەنە ئامانجی درێژخایەنی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵگەی عێراقی."
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەمە دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەم، دەنگدانی تایبەت کرا. لەم هەڵبژاردنەدا، کە بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لەڕێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت، 21.4 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.