گووگڵ چیپێکی کۆمپیوتەری کوانتۆمی دەخاتەڕوو؛ 10 تریلیۆن، تریلیۆن ساڵ لە سوپەر کۆمپیوتەرەکان خێراترە

10-12-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای گووگڵ چیپێکی کۆمپیوتەری کوانتۆمی خستەڕوو، کە بەپێی کۆمپانیاکە دەتوانێت شۆڕشێکی گەورە لە جیهانی تەکنۆلۆجیا دروستبکات و بیرۆکەی کۆمپیوتەری کوانتۆمی لە راستی نزیکبکاتەوە.
 
کۆمپانیای گووگڵ دەڵێت ئەوەی ئەم چیپە دەتوانێت لە ماوەی چەند خولەکێکدا بیکات، سوپەرکۆمپیوتەرە پێشکەوتووەکانی ئێستا بە 10 سیپتیلیۆن دەیکەن. سیپتیلیۆن یەکێکە لەگەڵ 24 سفر واتا تریلیۆنێک ساڵ.
 
گووگڵ ناوی لە چیپە نوێیەکەی ناوە (ویڵۆو).
 
هارتموت نێڤین، دامەزرێنەری بەشی ژیریی دەستکرد (AI) و کواتتۆمی کۆمپانیای گووگڵ 300 کارمەند و کەسی بژاردەی هەیە و لە دوای چەندین ساڵ لێکۆڵینەوە، دواجار توانیویانە بگەنە ئەو دەستکەوتە. 
 
سوندار پیچای، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گووگڵ لەو بارەیەوە دەڵێت "ئێمە، دروستکردنی چیپی ویڵۆو وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینین، بۆ ئەوەی بتوانین کۆمپیوتەرێکی کوانتۆمی دروستبکەین، کە دەتوانێت پرسیار و هاوکێشە چارەسەنەکراوەکان، چارەسەربکات، وەک بابەتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و هاوکێشە ئەتۆمییە ئاڵۆزەکان."
 
کومپیوتەری کوانتۆمی کە هێشتا ماوە ببێتە راستی و لە قۆناخی تاقیکردنەوە و قۆناخە سەرەتاییەکاندایە، چاوەڕوان دەکرێت چەندین ساڵی دیکە پێویست بێت بۆ ئەوەی کاری پێبکرێت، بەپێی شارەزایانی ئەو بوارە، کۆمپیوتەری کوانتۆمی دەبێتە بزووێنەری داهێنانەکانی داهاتوو لە بواری تەکنۆلۆجیادا.
 
ئەمریکا و چین بەتایبەتی وەبەرهێنانی گەورەیان لە دروستکردنی کۆمپیوتەری کوانتۆمیدا کردووە. جگە لەوەش ئەمریکا هەناردەکردنی تەکنۆلۆجیای پەیوەست بەو جۆرە کۆمپیوتەرەی بۆ چین قەدەخەکردووە.
 
ئۆلیڤەر ئیزراتی، شارەزای کۆمپیوتەری کوانتۆمی لەو بارەیەوە ئاشکرای دەکات؛ لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا بە بەهای نزیکەی 20 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە دروستکردنی کۆمپیوتەری کوانتۆمیدا کراوە.
 
کۆمپیوتەرە ئاساییەکانی ئێستا، لەرێگەی کارکردن بە داتا کاردەکەن؛ بچووکترین بەشی داتا، بەپێی زانستی کۆمپیوتەر لە کۆمپیوتەرە ئاسایییەکاندا بە (بیت) ناسراوە کە بەهاکەی سفر یان یەکە.
 
بەڵام لە کۆمپیوتەری کوانتۆمیدا، بچووکترین بەش بە (کۆبیت) ناسراوە، سەرنجڕاکێشییەکەی ئەوەیە؛ بەهاکەی لە یەک کاتدا دەتوانیت سفر و یەکیش بێت، بەوپێیەش رێگەدەدات لە یەک کاتدا ژماریەکی ئێجگار زۆر، ئاکام و ئەگەر چارەسەر بکات.
 
چیپە نوێیەکەی کۆمپانیای گووگڵ کە ماوەی 30 ساڵە کاری لەسەر دەکرێت؛ بەپێی کۆمپانیاکە بەشێوازێکی سەرسوڕهێنەر توانای نەهێشتنی هەڵەی هەیە.
 
ئەم 'دەستکەوتە گەورەیە' لە گۆڤاری زانستیی (نەیچەر) بڵاوکراوەتەوە.
 
جولیان کێلی، شارەزای کۆمپیوتەری کوانتۆمی دەڵێت، "نەهێشتنی هەڵە، دوایین قۆناخی دروستکردنی کۆمپیوتەری کوانتۆمییە، پێدەچێت کۆمپانیای گووگڵ لەڕێگەی چیپە نوێیەکەیەوە، ئەم قۆناخە تێپەڕێنێت."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە