نەتەوە یەکگرتووەکان: شۆک بووین بە تووندوتیژییەکانی دژی خۆپێشاندەرانی ئێران

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، شۆک بوون بەو راپۆرتانەی کە باس لە تووندوتیژی لە دژی خۆپێشاندەران لە ئێران دەکەن. دەشڵێت، داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەن رێگری لە بەکارهێنانی هێز بکەن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2026، ستیفان دووژاریک، گوتەبێژی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "سکرتێری گشتیی شۆک بووە بەو راپۆرتانەی کە باس لە تووندوتیژی و بەکارهێنانی هێزێکی زۆر لەلایەن دەسەڵاتداران لە چەند ناوچەیەکی ئێران دژی خۆپێشاندەران دەکەن کە بووەتە هۆی مردنی ژمارەیەک کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە". 
 
سکرتێری گشتیی دەشڵێت، "پێویستە هەموو ئێرانییەکان بتوانن خواستی خۆیان بە ئاشتیانە و بەبێ  هیچ ترسێک دەربڕن. مافەکانی ئازادی بۆ رادەربڕین، گردبوونەوە و کۆبوونەوەی ئاشتییانە، وەک لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا چەسپێنراوە، دەبێت بە تەواوی رێزیان لێ بگیرێت و بپارێزرێن".
 
ماوەی دوو هەفتەیە خۆپێشاندانەکان 180 شاری ئێرانی گرتووەتەوە. هەرچەندە سەرەتا ناڕەزاییەکان بۆ گرانی و خراپیی بژێوی بوو، بەڵام ئێستا لە هەندێک شوێن درووشمەکان گۆڕاون بۆ رووخانی دەسەڵات و حکومەتیش زیاتر لە 60 کاژێرە هێڵی ئینتەرنێتی بڕیوە.
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتوشیەتی، "پێویستە بەرپرسانی ئێران بەرزترین ئاستی دانبەخۆداگرتن پشانبدەن و هێزیش دژی خۆپێشاندەران بەکارنەهێنن."
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران، 111 ئەندامی هێزە ئەمنیییەکان لە رووبەڕووبوونەوەکاندا کوژراون، هاوکات رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش دەڵێن، بە گشتی نزیکەی 490 کەس کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە