بەڵگەنامە نوێیەکانی ئێپستین؛ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەفریقا ئاشکرا دەبن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەنامە نوێیەکانی پەیوەست بە جێفری ئێپستین، بازرگانی سێکسیی کۆچکردووی ئەمریکی، پەردە لەسەر تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی ئەفریقا لادەدەن؛ بەڵگەنامەکان باس لە تێوەگلانی بەرپرسان دەکەن لە دۆسیەکانی پارە، ژن و دەسەڵات.
 
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردوونەتەوە، جێفری ئێپستین پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەنیگال و کۆدیڤوار هەبووە. بەڵگەنامەکان کە ئیمەیڵ، خشتەی کۆبوونەوەکان، پڕۆژەی وەبەرهێنان و قەرز لەخۆدەگرن، دەریدەخەن ئێپستین کاریگەریی هەبووە لەسەر کەریم واد، کوڕی سەرۆکی پێشووی سەنیگال و نینا کەیتا، خوشکەزای سەرۆکی ئێستای کۆدیڤوار.
 
پەیوەندیی نێوان کەریم واد و ئێپستین لە ساڵی 2010وە دەستیپێکردووە. لە ئیمەیڵێکدا کە مێژووەکەی بۆ 15-11-2010 دەگەڕێتەوە، ئێپستین بۆ واد دەنووسێت: "سوپاس بۆ هاتنت.. پێموایە زۆر شت هەن رەچاویان بکەین.. دڵنیام کاتی خۆشمان دەبێت."
 
ئێپستین، کەریم وادی وەک "یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی ئەفریقا" بینیوە و هەوڵی داوە پەیوەندیی نێوان ئەو و کەسایەتییە جیهانییەکانی وەک ئیهود باراک، وەزیری بەرگریی ئەو کاتەی ئیسرائیل دروستبکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەی وزە و بانکەکان.
 
کاتێک لە ساڵی 2012دا باوکی کەریم واد دەسەڵاتی لەدەستدا، ئێپستین بڕی 500 هەزار دۆلاری بۆ تێچووی پارێزەرەکانی کەریم واد و 50 هەزار دۆلاریش بۆ کۆمپانیایەکی لۆبیکردن لە ئەمریکا خەرج کردووە، تاوەکو گوشار بخەنە سەر حکومەتی سەنیگال بۆ ئازادکردنی واد لە زیندان.
 
بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکان باس لە پەیوەندیی ئێپستین و نینا کەیتا، خوشکەزای سەرۆکی کۆدیڤوار دەکەن. کەیتا رۆڵی نێوەندگیری بینیوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئێپستین و تیمەکەی سەرۆک ئۆتارا.
 
لە یەکێک لە گەشتەکانیدا بۆ شاری ئەبیدجان، نینا کەیتا ژوورێکی تایبەتی بۆ ئێپستین لە هۆتێلێکی لوکس گرتووە. ئیمەیڵەکان دەریدەخەن، کەیتا کە پێشتر نمایشکاری جلوبەرگ بووە، وێنە و ژمارەی تەلەفۆنی کچانی گەنجی بۆ ئێپستین ناردووە.
 
لە یەکێک لە نامەکاندا، ئێپستین داوای لێکردووە وێنەی کچێکی دیکەی بۆ بنێرێت و جەختی کردووەتەوە کە "پێم باشە تەمەنیان لە خوار 25 ساڵەوە بێت." نینا کەیتایش لە وەڵامدا بەڵێنی پێداوە کە دەیانبینێت.
 
تاوەکو ئێستا نە نینا کەیتا، نە کەریم واد و نە سەرۆکایەتیی کۆدیڤوار، ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر نێوەڕۆکی ئەو بەڵگەنامانە بدەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

روبیۆ: گفتوگۆنەکردنی ئێران لەسەر پڕۆگرامە مووشەکییەکەی کێشەیەکی گەورەیە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا، دەبێت ئێران لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی دانوستاندن بکات. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، تاران کار لەسەر مووشەکێک دەکات توانای هەیە بگاتە خاکی ئەمریکا.