ئەمریکا؛ فڕۆکەوانێکی پێشوو بە تۆمەتی مەشقپێکردن بە فڕۆکەوانانی چین دەستگیرکرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی ئەمریکا دەستگیرکردنی فڕۆکەوانێکی پێشووی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی و بێ مۆڵەت، مەشقی بە فڕۆکەوانانی سەربازیی چین کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، جێراڵد براونی تەمەن 65 ساڵ، لە ویلایەتی ئیندیانا دەستگیرکرا. دەستگیرکردنی براون راستەوخۆ دوای گەڕانەوەی بوو لە چین بۆ ئەمریکا، کە لە کانوونی یەکەمی 2023ـەوە لەو وڵاتە نیشتەجێ بوو.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دادی ئەمریکا، براون تۆمەتبارکراوە بەوەی "کۆمەک و هاوکاریی کەسانی بیانی کردووە بۆ پێشکێشکردنی مەشقی فڕۆکەی جەنگی بە فڕۆکەوانانی هێزی ئاسمانیی چین"، ئەمەش بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ کارێکی لەو شێوەیە.
 
کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەمە چیرۆکێکی گەورەیە.. ئێف بی ئای و هاوبەشەکانمان فڕۆکەوانێکی پێشووی هێزی ئاسمانیی ئەمریکایان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارە بە مەشقپێکردنی فڕۆکەوانان لە سوپای چین دا."
 
جێراڵد براون خاوەنی مێژوویەکی سەربازیی درێژخایەنە؛ بۆ ماوەی 24 ساڵ لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا خزمەتی کردووە. لەو ماوەیەدا فەرماندەیی یەکە هەستیارەکانی بەرپرس لە سیستمی گەیاندنی چەکی ئەتۆمی کردووە. هەروەها وەک فڕۆکەوانێکی جەنگی بەشداریی لە ئەرکە شەڕکەرەکاندا کردووە و مامۆستای مەشق و راهێنانی فڕۆکە جەنگییەکان بووە.
 
دوای خانەنشینبوونی لە ساڵی 1996، براون وەک فڕۆکەوانی فڕۆگەی کارگۆ کاری کردووە، بەڵام دواتر وەک بەڵێندەری بەرگریی ئەمریکا گەڕاوەتەوە و مەشقی بە فڕۆکەوانان داوە بۆ فڕین بە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری A-10 و فڕۆکە پێشکەوتووەکانی جۆری F-35.
 
داواکاری گشتی دەڵێت براون لە ئابی 2023ـەوە دەستی بە گفتوگۆ کردووە بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک لەگەڵ "ستێفن سو بین"، کە هاووڵاتییەکی چینییە و پێشتر لە ساڵی 2016دا بەهۆی تێوەگلانی لە دۆسییەیەکی سیخوڕی، بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ئەمریکا زیندانی کرابوو. دوای ئەو رێککەوتنە، لە کانوونی یەکەمی 2023 براون گەشتی چین دەکات بۆ ئەوەی دەست بە کارە نوێیەکەی بکات.
 
رۆمان رۆژاڤسکی، بەرپرس لە بەشی دژەسیخوڕیی ئێف بی ئای رایگەیاند: "حکومەتی چین بەردەوامە لە قۆستنەوەی شارەزایی ئەندامانی ئێستا و پێشووی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بۆ مۆدێرنکردنی تواناکانی سوپاکەی."
 
ئەو بەرپرسەی ئێف بی ئای هۆشداریش دەدات و دەڵێت: "ئەم دەستگیرکردنە وەک ئاگادارکردنەوەیەکە کە ئێف بی ئای و هاوبەشەکانی سڵ لە هیچ ناکەنەوە بۆ لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە هاوکاریی نەیارەکانمان بکات بۆ زیان گەیاندن بە سەربازەکانمان و خستنە مەترسیی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەمان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

روبیۆ: گفتوگۆنەکردنی ئێران لەسەر پڕۆگرامە مووشەکییەکەی کێشەیەکی گەورەیە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا، دەبێت ئێران لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی دانوستاندن بکات. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، تاران کار لەسەر مووشەکێک دەکات توانای هەیە بگاتە خاکی ئەمریکا.