رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو رایگەیاند، واشنتن بەردەوامە لە جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی سڤیلەکان و گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی بۆ ناوچەی پێکدادانەکان، بەتایبەتی شاری کۆبانی.
رۆژی چوارشەممە 11-02-2026 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێک بۆ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، پێویستە هەموو لایەنەکان پابەند بن بە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و ژێرخانی شارەکان. واشنتن پێشوازی لە کردنەوەی رێڕۆ مرۆییەکان دەکات بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بەبێ هیچ ئاستەنگێک و جەختی کردەوە: "دەبێت ئەم رێڕۆیانە بە کراوەیی بمێننەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە شاری کۆبانی دەستپێبکەنەوە."
قسەکانی ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، سوپای عەرەبیی سووریا 25 رۆژە گەماڕۆی کۆبانێی داوە و ئاو و کارەبای لەسەر شارەکە بڕیوە، ئەمەش دۆخی مرۆیی شارەکەی رووبەرووی زەحمەتییەکی زۆر کردووەتەوە.
سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ناوچەکە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند، ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیدا ئامادەیە بۆ پشتگیریکردنی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کە ئامانجیان "تێکەڵکردنی ئاشتییانە و بەردەوامی باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە لە ناو دەوڵەتێکی یەکگرتوو، گشتگیر و خاوەن سەروەریدا."
واشنتن جەختی کردەوە، دەبێت ئەم پڕۆسەیە بە جۆرێک بێت کە مافی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە گوتەیەکی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کرد و رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ ئەم ساتەوەختە وەک دەرفەتێکی زۆر گرنگ و وەرچەرخانێک بۆ دروستکردنی سووریایەکی نوێ دەبینێت."
بەپێی پەیامەکەی ترەمپ، ئامانجی ئەمریکا بینینی نەتەوەیەکی یەکگرتووە کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان، لەوانە: (عەرەب، کورد، درووز، کریستیان، عەلەوی، تورکمان، ئاشووری و پێکهاتەکانی دیکە) بە "رێز و شکۆوە" مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و مافەکانیان پارێزراو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ