رووداو دیجیتاڵ
میری قەتەر بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا قسەی کرد و دواتر لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی میری قەتەر، میر داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی لە هەردوولا کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 11ی شوباتی 2026، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. هەردوولا "سەرنجیان لەسەر دۆخی ناوچەکە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتی" لە ناوچەکە بوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی میری قەتەر، هەردوو سەرکردەکە گفتوگۆیان کرد لەبارەی "پاڵپشتیکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە رێگەی دیالۆگ و بە رێگەی ئاشتی کردەوە".
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، میری قەتەر پێشوازی لە عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کرد. بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی میر، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی "پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاڵپشتیکردنی ئاسایشی ناوچەکە" کرد.
ئەو کۆبوونەوانە لە کاتێکدان هەینی رابردوو، یەکەم دانوستاندن لەنێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێرانەوە دەستیپێکرد، ئەمە دوای ئەوەی لە حوزەیرانی رابردووەوە دانوستاندنی فەرمی لەنێوانیاندا راگیرابوو.
ئێستا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ژمارەیەک پرس، لەوانە ئەتۆمی ئێران لە واشنتنە و بڕیارە لەسەر ئەو پرسە و چەند پرسێکی دیکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ