ترەمپ بۆ رووسیا و ئۆکراینا: هەر ئێستا کۆببنەوە

11-05-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ داوا لە رووسیا و ئۆکراینا دەکات دانوستاندن بکەن و دەڵێت: "هەر ئێستا کۆببنەوە." زیلینسکی دەڵێت، لە تورکیا چاوەڕێی رووسیا دەبن.
 
رۆژی یەکشەممە، 11-05-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سۆشیەڵ ترووس رایگەیاند: "سەرۆک پووتینی رووسیا نایەوێت رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئۆکراینا بکات، بەڵام دەیەوێت رۆژی پێنجشەممە لە تورکیا لەگەڵیان کۆبێتەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو گۆمە خوێنە بهێنێت."
 
ترەمپ رایگەیاند: "پێویستە ئۆکراینا دەستبەجێ بەمە رازیبێت، لانیکەم بەمجۆرە دەتوانن بزانن کە رێککەوتن ئەگەری هەیە یان نا؛ ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، سەرکردەکانی ئەورووپا و ئەمریکا لێیان دیار دەبێت شتەکان چۆن دەبن و بەم جۆرە هەنگاو دەنێن."
 
رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە گوتارێکدا لەبارەی پێشنیازەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، کە سەردانی ئۆکراینایان کردبوو و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کۆبوونەوە و داوای ئاگربەستێکی 30 رۆژەیان کردبوو، بە راستەوخۆ بەو پێشنیازەی رۆژئاوا رازی نەبوو، بەڵام رایگەیاند: "پێشنیازەکەم ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەست بەو گفتوگۆیانە بکەنەوە، کە لەساڵی 2022 رایانگرت و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەو گفتوگۆیانە بێمەرج بن."
 
سەرۆکی رووسیا گوتی: "پێشنیاز دەکەم بەبێ هیچ دواکەوتنێک رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئایار لە ئیستەنبووڵ دەست پێبکەین. لە تورکیا چاوەڕێی رووسیا دەبین."
 
لەوبارەوە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند: "هیچ مانایەکی نییە کوشتار تەنانەت بۆ یەک رۆژی دیکەش بەردەوام بێت. ئێمە پێشبینی ئەوە دەکەین رووسیا ئاگربەست قبووڵ بکات؛ ئاگربەستێکی تەواو، بەردەوام و پشت پێبەستراو کە لە رۆژی 12ـی ئایارەوە دەستپێبکات. ئۆکراینا ئامادەی دانیشتنە. ئاماژەیەکی ئەرێنییە کە رووسییەکان بیر لە کۆتاییهێنانی جەنگ دەکەنەوە. هەموو جیهان ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی ئەمەیە. هەنگاوی یەکەمی راستەقینەی کۆتاییهێنانی جەنگیش، ئاگربەستە."
 
ترەمپ لە پۆستەکەی نووسی: "گومانم هەیە ئۆکراینا رێککەوتن لەگەڵ پووتین بکات، کە خۆی بە ئاهەنگی سەرکەوتنی جەنگی دووەمی جیهانی سەرقاڵ کردووە، ئەو جەنگەی بەبێ ئەمریکا بردنەوەی مەحاڵ بوو."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشنیازی کرد تورکیا دەتوانێت میوانداری لە دانوستاندنەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا بکات. ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە پووتینی گوتووە: "پەنجەرەیەکی دەرفەت بۆ بەدیهاتنی ئاشتی کراوەتەوە."
 
لە ئاداری 2022ـەوە مۆسکۆ و کیێڤ هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆیان نەکردووە. ئەوکاتیش هەر لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوە، ئەمەش دوای ئەوەی مانگێک بەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا تێپەڕیبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.