رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گومانی خۆی لە لێدوانەکانی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا نیشان دا سەبارەت بە نزیکبوونەوەی کۆتایی جەنگی ئۆکراینا و رایگەیاند، پێدەچێت ئەمە تەنیا "هەڵخەڵەتاندنێکی دیکە" بێت.
رۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026، بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کە ئێستا لە کێیڤی پایتەختی ئۆکراینایە، لەبارەی قسەکانی پووتین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رایگەیاند، "ئەگەر ئەو (پووتین) دەبینێت کۆتایی ئەم جەنگە نزیکە، بۆچی خۆی کۆتایی پێ ناهێنێت؟ ئەو کاتە کۆنتڕۆڵی کاتەکەشی هەر لەدەست خۆی دەبوو."
پیستۆریۆس ئاماژەی بەوەش کرد، پووتین لە جیاتی وەستاندنی جەنگ، وەک هەمیشە "مەرج" دادەنێت و گوتی، "دەبێت بترسین لەوەی، هیوادارم هەڵە بم، کە ئەمە تەنیا هەڵخەڵەتاندنێکی دیکە بێت. ئەمە بەشێکە لە ستراتیژیی جەنگی تێکەڵاوی پووتین."
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا پووتینی تۆمەتبار کرد بەوەی هەر کاتێک باس لە ئاگربەست بکرێت، ئەو "یاری بە کارتەکان دەکات و دەیەوێت سەرنجەکان لەسەر لاوازییەکانی خۆی و ئەو زیانە گەورانەی سوپاکەی لە ئۆکراینا بەریکەوتووە، دووربخاتەوە."
رۆژی 4ـی ئەم مانگە، ڤلادیمیر پووتین لە گوتارێکدا بە گوتنی ئەوەی کە جەنگ "بەرەو کۆتایی دەچێت" هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد. پووتین هەروەها پێشنیازی کرد کە گێرهارد شرۆدەر، راوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیا و دۆستی نزیکی خۆی، دەتوانێت ببێتە نێوەندگیرێکی باش لە گفتوگۆکانی نێوان مۆسکۆ و ئەورووپادا.
بەرلین: هیچ پێشڤەچوونێک نییە
شتیفان کۆرنێلیۆس، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، سەرەڕای قسەکانی پووتین، هیچ "پێشڤەچوونێکی بنەڕەتی" بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ نابینرێت.
سەبارەت بە پێشنیازەکەی پووتین بۆ نێوەندگیریی گێرهارد شرۆدەر، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا گوتی: "ئەگەر رووسیا لە دانوستاندنەکانیدا جیددی بێت، دەزانێت لایەنی گفتوگۆکە کێیە لە ئەورووپا."
گێرهارد شرۆدەر کە تەمەنی 82 ساڵە و لە نێوان ساڵانی 1998 بۆ 2005 راوێژکاری ئەڵمانیا بووە، ساڵانێکی درێژە لە نێو ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەورووپادا رووبەڕووی رەخنەی تووند دەبێتەوە؛ ئەوەش بەهۆی وەرگرتنی پۆستی باڵا لە کۆمپانیا گەورەکانی وزەی سەر بە حکومەتی رووسیا و هەبوونی پەیوەندییەکی نزیک و تایبەتی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ