رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رایگەیاند، پۆلیسی شاری هامبۆرگ مێرمنداڵێکی سووری تەمەن 17 ساڵیان بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشێکی تیرۆریستی دەستگیر کردووە، کە پێدەچێت لەژێر کاریگەریی گرووپی داعش دا بووبێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی داواکاری گشتی، گومان دەکرێت ئەو مێرمنداڵە پلانی داڕشتبێت بۆ کوشتنی "کافران" لە ناوەندێکی بازرگانی، یان باڕێک، یاخود بنکەیەکی پۆلیس؛ ئەوەش لە رێگەی بەکارهێنانی تەقەمەنی مۆلۆتۆف یان چەقۆ.
پۆلیسی هامبوورگ ئاشکرای کردووە، لە رۆژی 7ی ئایاردا، هێزە تایبەتەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبارەکە و لەوێ دەستیان بەسەر بڕێک پەینی کیمیایی، ماددەی شلی سووتێنەر، دەمامک و چەقۆیەکدا گرتووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا و پۆلیسی فیدراڵی "رۆڵی سەرەکییان" هەبووە لە ئاشکراکردنی ئەم پلانە و دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکە.
داواکاری گشتی فەرمانی کردووە پشکنینی دەروونی بۆ مێرمنداڵەکە بکرێت، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. جیا لە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هێرش، تۆمەتی "دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر"یشی خراوەتە پاڵ، هەرچەندە هێشتا روون نییە چۆن و بە چ شێوەیەک هاوکاریی دارایی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ