رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) دڵنیایی دەداتە حاجیان و دانیشتووانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبارەی ڤایرۆسی (هانتا) و رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا ناوچەکە لەم ڤایرۆسە پارێزراوە و هیچ نیشانەیەک بۆ بڵاوبوونەوەی نییە.
دکتۆر فەهد جۆفی، بەڕێوەبەر لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ڤایرۆسی هانتا کۆمەڵە ڤایرۆسێکن کە لەڕێگەی قرتێنەرەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە و دەبنە هۆی نەخۆشیی مەترسیدار لە سییەکان و گورچیلەدا، بەڵام ئەو ڤایرۆسە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەراورد بە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەمریکا زۆر دەگمەنە."
سەبارەت بە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەگەڵ دەستپێکردنی رێوڕەسمی حەج، فەهد جۆفی گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکی پزیشکی یان ئاماژەیەکی پەتاناسی نییە کە نیشانی بدات ڤایرۆسی هانتا لە حەجدا بڵاوبووەتەوە. ئەم ڤایرۆسە وەک کۆرۆنا و ئەنفلۆنزا نییە کە بە ئاسانی لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە، چونکە سەرچاوەی سەرەکیی گواستنەوەی تەنیا مشک و قرتێنەرەکانە نەک قەرەباڵخیی مرۆڤ."
چۆن دەگوازرێتەوە؟
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە بۆ رووداو خراونەتەڕوو، ڤایرۆسەکە بەم شێوەیانە دەگوازرێتەوە:
- هەڵمژینی ئەو تۆز و خۆڵەی بە میز یان پیسایی مشک پیس بووە.
- دەستدان لەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی پێوەیە و پاشان بردنی دەست بۆ دەم، لووت یان چاو.
- خواردنی ئەو خۆراکانەی کە بەهۆی مشکەوە پیس بوون.
- گەستنی مشک (ئەمەیان کەمتر روودەدات).
سەبارەت بە هەبوونی دەرمان، دکتۆر فەهد ئاشکرای کرد کە "تاوەکو ئێستا هیچ دەرمانێکی تایبەت یان ڤاکسینێک بە فەرمی لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بۆ ئەم ڤایرۆسە پەسند نەکراوە."
بۆ خۆپارێزیش، رێکخراوەکە چەند رێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە لەوانە، گرتنی کون و کەلەبەری نێو ماڵ و کۆگاکان، پاراستنی خواردەمەنییەکان لە شوێنی داخراو و نەمانی پاشماوە و زبڵ لە دەوروبەری شوێنی نیشتەجێبوون.
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دڵنیایی دەدات کە تاوەکو ئێستا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وڵاتانی کەنداو و سعودیە پارێزراون لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە و هیچ حاڵەتێکی تووشبوون تۆمار نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ