بەریتانیا تۆڕی 'زیندەشتی'؛ گەورە مافیای کورد دەخاتە لیستی سزاکانی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەریتانیا سزای بەسەر 12 کەسایەتی و دامەزراوەی پەیوەندیدار بە ئێران دا سەپاند، یەکێک لەوانە تۆڕێکە بە ناوی "زیندەشتی،" کە خاوەنەکەی کوردێکی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
 
رۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026، لە نوێکردنەوەی لیستی فەرمیی سزاکانیدا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا قەدەخەی گەشت بۆ بەریتانیا و سڕکردنی سەروەت و سامانی بەسەر نۆ کەس، دوو نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی بانکی سێبەر و تۆڕی "زیندەشتی"دا سەپاند.
 
حکومەتی بەریتانیا پێشتر لە ساڵی 2024دا لەگەڵ ئەمریکا سزای بەسەر سەرکردە گوماناوییەکەی ئەو تۆڕە، ناجی ئیبراهیم شەریفی زیندەشتی، سەپاندبوو و وەک سەرۆکی باندی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتی ناساندبووی.
 
پار، یەکێتیی ئەورووپا سزای بەسەر تۆڕەکەیدا سەپاند، لەکاتێکدا لەندەن، واشنتن و برۆکسل هەموویان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم تۆڕە پەیوەندی بە وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایشی ئێرانەوە هەیە و تۆمەتباری دەکەن بە کردنی ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردن و رفاندن دژی رەخنەگرانی تاران.
 
نوێترین رێکارەکانی بەریتانیا دوای زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر کۆمەڵگەی جوو لە بەریتانیا لە مانگەکانی رابردوودا و هۆشداریی بەردەوامی بەرپرسان دێن، کە هەندێک لایەن مەبەستیانە گرووپە بریکارەکان بۆ ئەو جۆرە مەبەستانە بەکاربهێنن.
 
ئەکرەم عەبدولکەریم ئۆزتونچ، کە خوشکەزای زیندەشتییە، لە نێو ئەو نۆ کەسەدا بوو کە رۆژی دووشەممە لەلایەن بەریتانیاوە سزا دران.
 
لەندن هەروەها پێنج ئەندامی خێزانێکی ئێرانی کردە ئامانج کە دەگوترێت یارمه‌تیی دارایی هەوڵەکانیان داوە بۆ "تێکدانی سەقامگیریی" بەریتانیا.
 
پار وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە سێ لەو پێنج کەسە "بە کۆمەڵ ملیاران دۆلاریان" بۆ ئێران سپی کردووەتەوە لە رێگەی تۆڕێک لە کۆمپانیا رووپۆشەکان لە ئیمارات و هۆنگ کۆنگ.
 
لەندن هەروەها نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی "بەریلیان" و "GCM"ی خستە لیستی سزاکانییەوە، کە دوو نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراون و بنکەیان لە ئێرانە و لە لایەن ئەمریکاوە سزادراون و پەیوەندییان بەوانەوە هەیە.
 
نیهاد عەبدولقادر ئەسەن و رەزا حەمیدرەواریی ئێرانی و نامیق سالیفۆڤی ئازەربایجانی، سێ کەسەکەی دیکە بوون کە سزای قەدەخەی گەشت بۆ بەریتانیا و سڕکردنی داراییان بەسەردا سەپێندراوە.
 
 
زیندەشتی، کە کوردە، خاوەن نفوزێکی گەورەیە لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێت خاوەن سێ هەزار گەنجە و هەموویان ئامادەن گیانی خۆیان بۆ ئەو بەخت بکەن. زیندەشتی زیندانەکانی تورکیا و ئێرانی بینیوە، بەوە تۆمەتبار دەکرێت هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و تورکیای کردووە، بەڵام زیندەشتی ساڵی 2020 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە.
 
ناجی شەریفی زیندەشتی، لە راگەیاندنەکان وەک "مافیایەکی گەورە"ی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی دەهێندرێت. دوایین تۆمەتی کە خراوەتەپاڵی، رفاندنی کەسایەتییەکی عەرەبی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە، بە ناوی فەرەجوڵڵا چەعب ناسراو بە حەبیب ئەسوید، تۆمەتێک کە زیندەشتی رەتیدەکاتەوە، بەڵام نایشارێتەوە کە ئاگاداری دۆسیەی حەبیبە و دەڵێت: "خوشکەزاکەم کە کۆڵبەرە حەبیبی لەسەر سنوور لە تورکیاوە پەڕاندووەتەوە بۆ ئێران."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا. وێنە:AP

یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ سووریا کارا دەکاتەوە؛ چاویشی لە گەڕانەوەی کۆچبەرانە

یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی رێککەوتننامەی هاوکارییەکانی لەگەڵ سووریا کارا کردەوە. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ بووژاندنەوەی ئەو وڵاتە و خۆشکردنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ملیۆنان کۆچبەری سووری لە ئەورووپاوە بۆ نیشتمانی خۆیان دەبیندرێت.