رووداو دیجیتاڵ
ژیریی دەستکرد، نەخشەی بازاڕی کار لە هەموو کەرتەکاندا دەگۆڕێ، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات، لە داهاتوویەکی نزیکدا ژنان زیاتر لە پیاوان دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم تەکنەلۆژیایە و ئەگەری لەدەستدانی کارەکانیان زیاترە.
لە کاتێکدا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ئەمازۆن، مێتا و ئۆراکڵ لە چەند مانگی رابردوودا دەستیان بە کەمکردنەوەی هێزی کار کردووە، توێژینەوەیەکی رێکخراوی (هاوبەشیی نیشتمانی بۆ ژنان و خێزانەکان) لە ئەمریکا باس لەوە دەکات، ژیریی دەستکرد هەڕەشەیەکی گەورەترە بۆ سەر کارمەندانی کچ و ژن.
ئامارەکان؛ ژنان لە مەودای مەترسیدان
بەپێی داتاکانی ئەم توێژینەوەیە، هەرچەندە ژنان تەنیا 47٪ـی هێزی کار لە ئەمریکا پێکدەهێنن، بەڵام 83٪ـی ئەو کارمەندانەی لەو 15 پیشەیەدا کاردەکەن کە زۆرترین مەترسیی "ئۆتۆماتیکبوون [خۆکاربوون]"ـیان لەسەرە، ژنن.
ئەم پیشانە بریتین لە سکرتێری، کارمەندی پێشوازی و پرسگە، فەرمانبەری نووسینگە، بریکاری بیمە و چەندین کاری دیکەی هاوشێوە. ئامارەکان باس لەوە دەکەن، نزیکەی شەش ملیۆن ژن لەم جۆرە کارانەدا کاردەکەن و توانای گونجاندنیان لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان کەمترە، ئەمەش وایان لێ دەکات لە داهاتووی کاریگەری رۆڵی ژیریی دەستکرددا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببنەوە.
هەر بە گوێرەی توێژینەوەکە، ژنان زۆرینەی کارمەندانی سێکتەرەکانی چاودێری پێکدەهێنن، وەک پەرستاری، چاودێریی منداڵ و تەندروستیی ماڵان. ئەم کارانە بەهۆی ئەوەی پێویستییان بە پەیوەندیی مرۆیی و لێهاتوویی کۆمەڵایەتییە، کەمتر مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە. توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تەنانەت لەم بەشانەشدا، کارمەندان دەکەونە ژێر گوشاری سیستمەکانی چاودێری و بەڕێوەبردنی زیرەک کە بە (Bossware) دەناسرێن. ئەم سیستمە چاودێریی وردی جووڵە و کارەکانیان دەکات، کە زۆرجار تێگەیشتن لێیان قورسە و دەبێتە هۆی دابەزینی کواڵتیی کارکردن.
لایەنگریی رەگەزی لەنێو ژیریی دەستکرددا
یەکێکی دیکە لە کێشەکان، کەمیی ئامادەیی ژنانە لە ناوەندەکانی بڕیار و پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد. کاتێک ژنان لە بواری ئەندازیاریی سۆفتوێر و سەرکردایەتیدا پشکیان کەم بێت، کاریگەرییان لەسەر چۆنییەتی دیزاین و رێکخستنی ئەم سیستمە تەکنەلۆژیایانەش کەمتر دەبێت.
توێژینەوەکە تاقیکردنەوەیەکی چات جی پی تی وەک نموونە هێناوەتەوە. کاتێک داوا لە ژیریی دەستکرد کراوە سیڤی (CV) بۆ ناوی پیاو و ژن دروست بکات، سیستمەکە سیڤی ژنەکانی بە جۆرێک نیشان داوە کە تەمەنیان کەمترە و ئەزموونیان کەمترە؛ دواتریش کە داوای هەڵسەنگاندنی لێکراوە، پلەی بەرزتری داوەتە پیاوە تەمەن گەورەکان.
سزا بۆ ژنان و هەڕەشەی ساختەکاری
توێژینەوەکە باس لەوە دەکات، کاتێک ژنان ژیریی دەستکرد لە کارەکانیاندا بەکاردەهێنن، زیاتر لە پیاوان سزا دەدرێن یان رووبەڕووی رەخنەلێگرتن و گلەیی لێکردن دەبنەوە. لە دۆخێکدا کە هەردوو رەگەز هەمان کۆدی پرۆگرامسازییان بە هاوکاریی AI نووسیوە، ئەو سزایەی بۆ ژنەکە دیاریکراوە دوو هێندەی پیاوەکە بووە، چونکە گومان لە لێهاتوویی ژنەکە کراوە.
جگە لە لایەنی پیشەیی، ژیریی دەستکرد رێگەی نوێی بۆ هەراسانکردنی ژنان کردووەتەوە، لەوانە دروستکردنی ڤیدیۆی ساختەی نەشیاو[دیپ فەیک]، بۆ نموونە چاتبۆتەکەی ئیلۆن مەسک (Grok) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رەخنەی زۆری لێگیرا چونکە بە داواکاریی بەکارهێنەران وێنەی ساختەی دروست دەکرد.
ئایا ژنان کەمتر AI بەکاردەهێنن؟
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لەسەر 18 بابەتی جیاواز، کەلێنێکی 25٪ـی لەنێوان پیاوان و ژنان هەیە لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردی بەرهەمهێنەر. ئامارەکان نیشانی دەدەن، لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2024، نزیکەی 42٪ـی بەکارهێنەرانی چات جی پی تی ژن بوون، بەڵام تاوەکو تەممووزی 2025، ژمارەی بەکارهێنەرانی مێ بووەتە زۆرینە.
زۆربەی ژنان ژیریی دەستکرد بۆ ئەرکەکانی نووسین و وەرگرتنی رێنمایی بەکاردەهێنن، بەڵام 70٪ـی بەکارهێنانەکان پەیوەندییان بە کارەوە نییە، ئەمەش وایکردووە پێوانەکردنی ئاستی بەکارهێنانی AI لە شوێنی کاردا قورس بێت.
لە کۆتاییدا، توێژینەوەکە دووپاتی دەکاتەوە، چارەنووسی ژنان لە بازاڕی کاردا بەستراوەتەوە بەو سیاسەت و رێسایانەی کە حکومەت و کۆمپانیاکان لە داهاتوودا دایدەڕێژن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ