قوباد تاڵەبانی دەڵێ ترەمپ 'وەستای رێککەوتنە' و سەرۆکی ئەمریکا راپۆرتەکە بڵاودەکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیاڵ، هەڤپەیڤینێکی تایبەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە. قوباد تاڵەبانی لەو هەڤپەیڤینەدا دەڵێ، ترەمپ "وەستای رێککەوتنە" و دەتوانێت بگاتە رێککەوتنێکی گەورە لەگەڵ ئێران کە ببێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری لە هەموو جیهاندا.


 
قوباد تاڵەبانی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی (برایتبارت نیوز - Breitbart News)ـی ئەمریکی، کە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی لە یۆنان کراوە، رایگەیاندووە: "پێموایە سەرۆک ترەمپ ئەگەر بوارەکەی بۆ بڕەخسێت و تەنیا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەجێندای (سەرەتا ئەمریکا) پەیڕەو بکات، دەتوانێت بگاتە رێککەوتنێکی زۆر باش لەگەڵ ئێران، کە لە بەرژەوەندیی ئێرانیشدا دەبێت."
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان لە هەرێمی کوردستان پشتیوانیی هەر جۆرە رێککەوتنێک دەکەن کە ئاشتی بۆ ناوچەکە بگێڕێتەوە. قوباد تاڵەبانی گوتی: "ئێمە ئامادەین بە هەموو شێوەیەک هاوکار بین، چ لە رێگەی کەناڵە نهێنییەکانەوە بێت یان بەکارهێنانی پێگەی ستراتیژیی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی ململانێکان. کاریگەریی ئەم جەنگە لەسەر عێراق و کوردستان زۆر گەورە بوو، بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە."
 
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەش کردووە کە کردنەوەی رێڕۆی تەنگەی هورمز تەنیا لەرێگەی رێککەوتنەوە دەبێت و گوتی: "ئێرانییەکان دانوستاندنکارێکی زۆر باشن و ئامادە نین ئەم کارتە بەهێزەی دەستیان بەبێ دەستکەوتێکی کۆنکرێتی بدەن بە دەستەوە."
 
قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستووەتە سەر رەهەندی ئابووری و پێی وایە دەبێت ئەمریکا کۆمپانیا گەورەکانی وزە بهێنێتە ناو ئێران بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان. جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "تاوەکو ئێستا زۆربەی گفتوگۆکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی بوون، بەڵام بوارێکی زۆر فراوان هەیە بۆ هاوکاریی ئابووری کە دەتوانێت بازاڕێکی نوێ بۆ ئەمریکا بکاتەوە کە 40 ساڵە خنکێنراوە."
 
سەبارەت بە خۆڕاگریی ئێران، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران وەک سووریا و عێراقی سەردەمی بەعس نییە. "جیاوازیی ئێران ئەوەیە کە وڵاتی دامەزراوەکانە. لە سووریا کاتێک ئەسەد کەوت، دەوڵەت کەوت، لە عێراقیش بە هەمان شێوە، چونکە دەوڵەت بەستراوەبوو بە تاکەکەسەوە. بەڵام ئێران وڵاتێکە دامەزراوەی سەربازی، سڤیل، نیمچەسەربازی و ئایینی هەیە کە هەر یەکەیان ژێرخانی خۆیان هەیە. ئەوانەی پێیان وابوو بە لێدانی سەری دەسەڵات، رژێمەکە دەڕووخێت، هەڵەیان کرد."
 
قوباد تاڵەبانی، ئەو دەستخۆشی لە بڕیارەکەی ترەمپ کردووە کە نەیویستووە کورد وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی رژێم لە ئێران بەکاربهێنێت. قوباد تاڵەبانی گوتی: "ئێمە زۆر بە روونی بە هەموو لایەکمان گوت، نابێت کوردانی ئێران وەک ئامرازێک بەکاربهێندرێن. ئەگەر کورد بکرایە بە سەری ڕمی ئەم ململانێیە، ئەوا کۆمەڵکوژ دەکران. زۆر خۆشحاڵم کە سەرۆک ترەمپیش گەیشتە هەمان ئەنجام."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشتی سەربازی ئەمریکا. وێنە سێنتکۆم

سێنتکۆم: رێگریمان لە 61 کەشتی کردووە بچنە بەندەرەکانی ئێران

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا سێنتکۆم رایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر تاران، تاوەکو ئێستا رێگرییان لە 61 کەشتیی بازرگانی کردووە کە هەوڵیانداوە بچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی بێنە دەرەوە.