رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی دیپلۆماسیی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، بەهۆی پاکێجێکی نوێی سزاکان بەسەر رووسیا دا، رەوشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی"ـی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و دیالۆگی سیاسی لەگەڵ سووریا کۆبوونەوە.
کایا کالاس، یەکێک لە پارێزەرانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەورووپییەکان، دەربارەی مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ کوردانی رۆژئاوا، وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو دایەوە.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا، بە رووداوی گوت: "بەڵێ ئێمە باس لەم پرسانەش دەکەین، واتە پرسی کەمینەکان و مافی خوێندنیان بە زمانی دایک لە سووریا. بێگومان لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتردا باس لە هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکەین، بەڵام پرسی کوردیش تاوتوێ دەکرێت."
لە وڵاتی سوێد دا، ئەو منداڵە کوردانەی باوباپیرانیان کۆچیان بۆ ئەوێ کردووە، لە قوتابخانەکانیان دا بە زمانی کوردی دەخوێنن؛ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت، پێویستە بەردەوام باسی پاراستنی پێکهاتە کەمینەکان لە سووریا بکرێت.
ماریا مالمەر ستێنەرگارد، وەزیری دەرەوەی سوێد، لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت: ''کاتێک لەگەڵ نوێنەرە باڵاکانی حکومەتی سووریا کۆدەبمەوە، هەمیشە پرسی پاراستنی کەمینەکان دەخەمە بەرباس. زۆریش گرنگە کە ڕێگەیەکی گشتگیر لە سووریا لەبەردەمماندا بێت. پەنجەرەیەکی دەرفەتمان لەبەردەمدایە، بەڵام گرنگە بە ئاراستە ڕاستەکەدا بڕوات.''
ئەورووپییەکان نایانەوێت لە بازاڕی سیاسی و ئابووریی سووریا دا دوا بکەون لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت مافی پێکهاتە جیاوازەکان لە سووریای دوای ئەسەد دا پارێزراو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ