رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور (کۆشکی شین) بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانیی وڵاتەکەی لە تەنگەی هورمز دەکات و رایدەگەیێنێت، چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن بۆ ئەوەی "وەڵامێکی تووندیان" هەبێت.
بەرپرسێکی باڵا لە کۆشکی شین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، تیمە تەکنیکییەکانی وڵاتەکەی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و یەکەمین پشکنینی وردیان بۆ کەشتییەکە کردووە. بەگوێرەی پشکنینە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە بەر بەشی پشتەوەی لای چەپی (port stern) کەشتییەکە کەوتووە.
کەشتییەکە ناوی "ناموو - Namu"یە و ئاڵای وڵاتی پەنەمای لەسەرە، بەڵام لەلایەن کۆمپانیای (HMM)ـی کۆرییەوە بەڕێوەدەبرێت. هەفتەی رابردوو لە کاتی تێپەڕبوونی بە تەنگەی هورمزدا، تەقینەوەیەکی گەورە لە نێو کەشتییەکەدا روویدا و بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر.
بەرپرسانی سیئۆل ئاماژە بەوە دەکەن، ئێستا پسپۆڕانیان خەریکی کۆکردنەوەی پاشماوەی تەقەمەنییەکان و بەڵگەکانن لە شوێنی رووداوەکە بۆ ئەوەی بزانن هێرشەکە بە چ جۆرە چەکێک کراوە. دەشڵێن: "تەنیا دوای ئەوەی سەرچاوەی هێرشەکە و لایەنی بەرپرس بە تەواوی ئاشکرا دەبێت، پلانی وەڵامدانەوەمان جێبەجێ دەکەین."
تەنگەی هورمز کە بە گرنگترین رێڕەوی ئاویی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە دادەندرێت، نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. لەوەتەی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل) دژی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026، تاران تەنگەی هورمزی وەک کارتێکی گوشار بەکارهێناوە و چەندین کەشتیی بازرگانی و کاروانە نەوتکێشەکان کراونەتە ئامانج.
کۆریای باشوور کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا و کڕیارێکی سەرەکیی نەوتی ناوچەکەیە، ئێستا کەوتووەتە نێو جەرگەی ململانێکان. پێشتر تاران چەندین جار هۆشداریی دابوو کە رێگری لەو وڵاتانە دەکات کە لە بەرەی ئەمریکادان و دەیانەوێت بە ئاسانی نەوت بگوازنەوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئاسایشی دەریاوانی لە کەنداو دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ