ناتۆ جەخت لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکاتەوە

11-07-2023
A+ A-
     
رووداو دیجیتاڵ    

لە یەکەم رۆژی بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆدا کە لە شاری ڤیلنیەس لە لیتوانیا بەڕێوەچوو، هاوپەیمانێتییەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیریی "تەواوەتی" هاوپەیمانێتییەکە بۆ ئۆکراینا باس کراوە و بەوەش دەکات کە داهاتووی ئۆکراینا لەنێو ناتۆدایە. 
 
رۆژی سێشەممە، 11ـی تەممووزی 2023، هاوپەیمانیی ناتۆ لە ماڵپەری فەرمیی خۆی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک کردووە کە بەشێکی زۆریان پەیوەندییان بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە هەیە؛ بەشێکیشیان باس لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن، لەوانەش عێراق و ئێران. 
 
شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە بەئەندامبوونی ئۆکرایناوە هەیە لە ناتۆ، هاوپەیمانییە سەربازییەکە دەڵێت، "ئێمە بەتەواوی پشتگیری لە مافی ئۆکراینا دەکەین بۆ هەڵبژاردنی رێکخستنە ئەمنییەکانی خۆی؛ داهاتووی ئۆکراینا لەنێو ناتۆدایە. ئێمە ئەو بەڵێنە دووپات دەکەینەوە کە لە ساڵی 2008 لە لووتکەی بوخاریست بە ئۆکراینامان دا بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ. ئۆکراینا تا دێت لەڕووی سیاسییەوە لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکە یەکگرتووتر دەبێت و کاری هاوبەشیان لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکە پەرە پێداوە؛ ئۆکراینا لە رێگەی چاکسازییدا، بەرەوپێشڤەچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە." 
 
راگەیێندراوەکە باس لەوە دەکات کە "هاوپەیمانێتییەکە پشتگیری لە ئۆکراینا دەکات بۆ ئەوەی چاکسازی ئەنجامبدات و هەرکاتێک کە ئۆکراینا مەرجەکانی جێبەجێکرد، ئەو کاتە دەبێتە ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە." 
 
لە راگەیێندراوەکەیدا، هاوپەیمانیی ناتۆ ئاماژە بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەکات و رووسیا بە "گەورەترین هەڕەشە" بۆ سەر هاوپەیمانێتییەکە دادەنێت و دەڵێت، "رووسیا هەموو نەریت و بنەما ئەمنییەکانی ئاسایشی ئەوروپای پێشێلکردووە."
هاوپەیمانیی ناتۆ رەخنە لە هەنگاو و سیاسەتەکانی رووسیا دەگرێت و دەڵێت، رووسیا بەرپرسیارییەتی تەواوی لە ئەستۆدایە لە شەڕە "نایاسایی، ناڕەوا و دنەدانەکەی" بەرامبەر ئۆکراینا و رووسیای بەوە تۆمەتبارکرد کە تووندوتیژی دژی ئۆکراینییەکان ئەنجامداوە و منداڵە ئۆکراینییەکانی بەزۆر بردووە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە کاریگەرییەکانی شەڕی رووسیا دژی ئۆکراینا کراوە و رووسیا بە بەرپرسیاری یەکەم دانراوە بەرامبەر بە "رووخاندنی بەنداوی کاخۆڤکا، سەلامەتی ئاسایشی بنکە ئەتۆمییەکان، وزە، ئاسایشی خۆراک و ئابووریی جیهان. "
 
پاڵپشتیکردن لە عێراق و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
ناتۆ لە راگەیێندراوەکەیدا ململانێکان و ناسەقامگیرییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە کاریگەر لەسەر ئاسایشی ئەندامەکانی ناودەبات و دەڵێت، وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باکووری ئەفریقیا و وڵاتانی خوارووی کیشوەری ئەفریقیا، رووبەڕووی هەڕەشەی ئاسایش، ئابووری و سیاسی بوونەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات کە "گۆڕانی کەشوهەوا، هەبوونی دەزگای ناکەریگەر و نەبوونی ئاسایشی خۆراک" بوونەتە هۆی خراپتربوونی رەوشەکە. 
 
ناتۆ باس لەکاریگەرییەکانی ئەو دۆخە دەکات و دەڵێت، زەوینەیەکی باش دەڕەخسێنێت بۆ ئەو گرووپانەی "لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتن، لەوانەش رێکخراوە تیرۆریستییەکان". 
 
هەر لەبارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقیا، راگەیێندراوەکە دەڵێت، "رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقیا ناوچەی بەرژەوەندی ستراتیژیین. ئێمە پاکێجەکانی بنیادنانی توانای بەرگری بۆ عێراق، ئوردان، مۆریتانیا و تونس جێبەجێ دەکەین."
 
لە باسی عێراقدا، هاوپەیمانییە سەربازییەکە دەڵێت، "ناتۆ و هاوپەیمانەکانی پابەندی بەڵێنەکانیانن بۆ عێراق و بۆ تواناکەی بۆ ئەوەی وڵاتەکەی سەقامگیر بکات. ئێمە دان بە هەوڵە بەردەوامەکان و بەرەوپێشچوونەکانی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا دەنێین لە شەڕی دژی داعش. هانی زیاتری عێراق دەدەین بۆ ئەوەی لە شەڕی تیرۆر بەهەموو شێوەکانییەوە بەرەوپێشەوە بچێت. ئەرکی ئێمە لە عێراق بەردەوامە و هاوئاهەنگییەکانمان لەگەڵ عێراق زیاتر بووە."
 
لە راگەیێندراوەکەی ناتۆدا هاتووە کە ئەرکەکانی لە عێراق پەرەپێدەدات و دەڵێت، "لەسەر داوای حکومەتی عێراق، ئێمە بیر لە فراوانکردنی ئەرکەکانی ناتۆ لە عێراق دەکەینەوە، ئەوەش بە پێدانی راوێژ بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و پۆلیسی فیدراڵی عێراق دەکرێت" و دەشڵێت، "لەسەر داواکاری بەرپرسانی عێراق، ئەرکی ناتۆ لە عێراق بە رێزگرتن لە سەرەوەری تەواوی عێراق و هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ هاوبەشە پەیوەندیدارەکان و ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبێت".
 
لە خاڵێکی راگەیێندراوەکەشدا تیشک خراوەتە سەر بۆچوونی هاوپەیمانییە سەربازییەکە بەرامبەر بەشێک لە سیاسەتەکانی ئێران و دەڵێت، ناتۆ نیگەرانە لە پەرەدانی ئێران بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی و ئاماژە بەوە دەکات کە نابێت تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە