رووداو دیجیتاڵ
دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 9ـی تەممووز، بەلەمێکی کۆچبەران کە زیاتر لە 100 کۆچبەری هەڵگرتبوو دوای تێکشکانی، سەرجەم سەرنشینەکانی رزگاریان دەبێت. نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، دەڵێت: "زیاتر لە 30 لەو کۆچبەرانە منداڵن، هێشتا دیار نییە ئەو کۆچبەرانە کوردیان تێدایە یان نا." چالاکڤانێکیش دەڵێت، "ژمارەیەک لە خێزانەکانی سەرنشینی بەلەمەکە کوردن."
رۆژی سێشەممە، 11-7-2023، حوسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لووتکە لە یۆنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا دەزگا فەرمییەکانی یۆنان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەو کۆچبەرانەوە بڵاونەکردووەتەوە، تەنیا ئەوەیە بەپێی زانیارییەکان ئەو کۆچبەرانە زیاتر لە 100 کەس دەبن، کۆچبەری عێراقی، ئەفغانی، ئێرانی بوون و ویستوویانە بەرەو ئیتاڵیا بڕۆن، بەڵام لە یەکێک لە دوورگەکان بەلەمەکەیان تێکدەشکێت، دواتر پۆلیسی یۆنان پێیاندەڵێن خۆیان بگەیێننە دوورگەی کەیپمالێاس کە چوار کیلۆمەترێک لەو شوێنەوە دوورە و ئەوانیش دەڕۆن و بەسەلامەتی گەیشتوونەتە ئەوێ، سەرجەم سەرنشینەکانی بەلەمەکە سەلامەتن، بەڵام بەشێکیان بریندارن."
سەبارەت بە کۆچبەری کورد لە نێویاندا، حوسێن حەمەساڵح گوتی: "هێشتا روون نییە ئەو کۆچبەرانە کوردیان تێدا بێت، چونکە زانیارییە فەرمییەکان لەبارەیانەوە بڵاونەکراونەتەوە."، بەڵام رەنج پشدەری چالاکڤانی کورد لە یۆنان، دەڵێت: "ژمارەیەک لەو خێزانانەی سەرنشینی بەلەمەکەبوون کوردن."
بەپێی نوێنەری دەزگای لوتکە لە یۆنان ئەفسەرانی یۆنانی داوایان لە کۆچبەرانی سەرنشینی بەلەمەکە کردووە بێنەخوارەوە بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ کەشتییە گەورەکان، بەڵام کۆچبەرەکان رەتیانکردووەتەوە، دواتر خۆیان گەیاندووەتە ئەو دوورگەیە.
بە گوتەی رەنج پشدەری، ئەو کۆچبەرانە گواستراونەتەوە بۆ شوێنی سەلامەت و چاوەڕوانی پشکنین و ژمارەیەک رێوشوێن دەکەن بۆ ئەوەی بگوێزرێنەوە بۆ کەمپەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا زیاتر لە 72 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە خۆیان گەیاندووەتە کەناراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا، لەو ژمارەیەش، 6500 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، لە پێنج مانگی سەرەتای 2023دا نزیکەی هەزار کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستەوە خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ