پارتی چەپی ئەڵمانیا: دەبێت حکومەتی ئەڵمانیا قەدەخەی سەر پەکەکە هەڵبگرێت

11-07-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای بەشداربوونی لە رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک گەریلای پەکەکە، سەرۆکی پارتی چەپی ئەڵمانیا رایگەیاند، دەبێت حکومەتی وڵاتەکەی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت.
 
پارتی چەپی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، یان ڤان ئاکن، سەرۆکی پارتەکە، ئەمڕۆ هەینی بەشداری لە رێوڕەسمی چەکدانانی یەکەم گرووپی پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە.
 
سەرۆکی پارتی چەپی ئەڵمانیا رایگەیاند: "لە ئەمڕۆوە هیوایەکی نوێ بۆ ئاشتی نێوان تورکیا و بزووتنەوەی کوردی هەیە. سی شەڕوانی کوردی لە باکووری عێراقی کوردی چەکەکانیان سووتاند".
 
رۆژی 11ـی تەمموز، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، گرووپێک گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا چەکەکانیان دانا و سووتاندیان.
 
یان ڤان ئاکن دەڵێت، پەکەکە "بە جیدی لە پرۆسەی ئاشتی دەڕوانێت، ئەوەش دوای 47 ساڵ شەڕی نێوخۆیی. ئێستا دەبێت قەدەخەکردنی پەکەکە لە ئەڵمانیا هەڵبگیرێت".
 
یان ڤان ئاکن هەروەها دەڵێت: "دەبێت حکومەتی فیدراڵی هەموو شتێک بکات بۆ پشتگیری ئاشتی لە تورکیا و هەرێمە کوردییەکان". 
 
لە رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆدا 30 گەریلا کە لەنێویاندا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە و سێ بەرپرسی باڵای دیکە هەبوون، چەکەکانیان سووتاند.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە