دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا؛ گرنگترین ئەو پرسانەی مشتومڕیان لەسەر کرا

11-09-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شەوی سێشەممە 10-09-2024 [بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە] دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە نێوان کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەچوو. دیبەیتەکە لە شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا کرا و کەناڵی ABC نیوز پەخشی کرد. 
 
لەکاتی چوونە ژوورەوە بۆ نێو هۆڵی NCC کە دیبەیتەکەی تێداکرا، ترەمپ و هاریس دەستی یەکیان گوشی و سوپاسی یەکدییان کرد. کامالا گوتی: "با دیبەیتێکی باش بکەین" و ترەمپیش گوتی: "خۆشحاڵم کە دەتبینم."
 
کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکان بەوە دەستیپێکرد کە ئەو و جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، ئەو "پۆخڵەواتەی" ترەمپیان پاککردەوە کە لە دوای خۆی بەجێی هێشت. 
 
هاریس گوتی: "ترەمپ کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەواوبوو، خراپترین ئاستی بێکاری بۆ ئێمە جێهێشت. ئەو خراپترین پەتای تەندروستی و خراپترین هێرشی سەر دیموکراسیی ئەمریکای بۆ ئێمە جێهێشت
 
دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس لە هۆڵی ناوەندی دەستووریی نیشتمانی لە شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. 
 
دیارترین ئەو دۆسیانەی مشتومڕیان لەسەر کرد ئەمانە بوون: 
 
"چیدی ئەمریکا سەرکردایەتیی جیهان ناکات"
 
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێیوایە، ئەمریکا بەهۆی کارەکانی کامالا هاریس و جۆ بایدن "دەڕووخێت." 
 
دۆناڵد ترەمپ دەشڵێت، هاریس وڵاتەکەمان تێکدەشکێنێت؛ "ببێتەوە سەرۆک وەکو ڤەنزوێلامان بەسەردێت."
 
کامالا هاریس دەڵێت: "ترەمپ ئەنجامی هەڵبژاردنی 2020ـی قبووڵ نەکرد و هۆکاری رووداوەکانی هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ بوو." بەڵام ترەمپ پێچەوانەکەی دەڵێت: "کامالا هاریس بەرپرسە لە هێرشەکانی 6ـی کانوونی دووەمی 2021 و خۆی لە بەرپرسیارێتیی دەدزێتەوە." 
 
دۆناڵد ترەمپ پێیوایە، ئەمریکا چیدی سەرکردایەتیی جیهان ناکات و "هەموو جیهان پێمان پێدەکەنێت". کەچی کامالا هاریس دەڵێت، ئەگەر ترەمپ ببێتەوە سەرۆک، کێشەکان زیاتر روو لە هەڵکشان دەکەن لەجیاتی چارەسەر. 
 
جەنگی غەززە
 
دۆناڵد ترەمپ باس لەوە دەکات، "من ببمەوە سەرۆک جەنگی ئۆکراینا و غەززە کۆتایی دێنم." دەشڵێت، حەماس پارەی نەبوو، بەڵام "ئێستا ئێران پارە لە ناوچەکە بڵاودەکاتەوە. من سەرۆک بوومایە ئەمە روونەدەدا." 
 
بەربژێری کۆمارییەکان هۆشدارییەکەی لەبارەی لەنێوچوونی ئیسرائیل دووپاتکردەوە: "دوو ساڵ لە ئێستاوە بژمێرە، ئەگەر کامالا هاریس بەم جۆرە سیاسەت بکات، ئیسرائیل لەنێودەچێت." 
 
لای خۆیەوە، کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان دەڵێت، "ماف بە ئیسرائیل دەدەم لە دژی ئێران و گرووپەکانی سەر بەوەوە بەرگریی لە خۆی بکات." دەشڵێت: "ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەگریی لە خۆی بکات، بەڵام چەندین هەزار کەسی بێتاوان کوژراون. بۆیە دەبێت ئاگربەست رابگەیێندرێت و بارمتەکان ئازادبکرێن." 
 
پووتین و جەنگی سێیەمی جیهان 
 
دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دەدات لەوەی "ڤلادیمیر پووتین چەکی ئەتۆمی هەیە و لەوانەیە بەکاربهێنێت." 
 
هاریس دەڵێت ئەگەر لە ساڵی 2022 دا دۆناڵد ترەمپ سەرۆک بووایە، ئێستا پووتین لەنێو کیێڤ دەسووڕایەوە، بەڵام ترەمپ دەڵێت، ئەگەر من سەرۆک بوومایە، پووتین لە مۆسکۆ دادەنیشت. 
 
دۆناڵد ترەمپ باس لەوە دەکات بایدن نەیدەزانی چۆن قسە لەگەڵ پووتین بکات.
 
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "کۆریای باکوور و رووسیا لێم دەترسێن، بۆیە ئەگەر سەرۆک بوومایە، شەڕی ئۆکراینا رووینەدەدا."
 
هاوکات، کامالا هاریس ئاماژەی بەوە دا کە ترەمپ لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور "نامەی خۆشەویستیی گۆڕیوەتەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ دووپاتی دەکاتەوە کە "ئێمە بەرەو جەنگی سێیەمی جیهان دەڕۆین." 
 
پرسی کۆچبەران
 
دۆناڵد ترەمپ زۆرترین سەرنجی خستە سەر دۆسیەی کۆچبەری نایاسایی کە روو لە وڵاتەکە دەکەن و بە کامالا هاریسی گوت: بە سێ ساڵ و نیو نەتانتوانیوە پرسی کۆچبەران چارەسەر بکەن. دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، کۆچبەران "وڵاتی ئێمەیان وێران کردووە."
 
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێت: "ترەمپ لەمپەڕی لە بەردەم یاسای کۆچ دروستکرد کە کێشەی کۆچی نایاسایی چارەسەر دەکرد."
 
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆ بایدن "21 ملیۆن کەس هاتنە نێو ئەمریکا و پلانی خراپی کۆچ وڵاتی وێران کرد." 
 
هەژموونی چین 
 
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی هەژموونی چین لە ئەمریکا دەڵێت، بایدن مۆڵەتی دایە چین بۆ ئەوەی لە وڵاتمان کاربکەن. دەشڵێت، پێشەسازییەکانی ئەمریکا لەلایەن چینەوە کۆنترۆڵکراون. ببمە سەرۆک باج لەسەر کۆمپانیا چینییەکان دادەنێین.
 
لای خۆیەوە، هاریس ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە چیپی ئەمریکیی داوەتە چین بۆ ئەوەی "توانای سەربازیی خۆی بەهێز بکات." 
 
ئەفغانستان 
 
دۆناڵد ترەمپ ئیدارەی بایدن بەوە تۆمەتبار دەکات کە "بایی 85 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنیمان لە ئەفغانستان جێهێڵدرا." 
 
ترەمپ دەڵێت: "تاڵیبان بە نیشانەشکێن زۆر سەربازی کوشتین بۆیە دەبوو گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەم. دوای ئەوە بۆ ماوەی 18 مانگ هیچ سەربازێکمان نەکوژرا." 
 
کامالا هاریس باس لەوە دەکات: "ترەمپ لە جیاتی ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان بکات، دانوستاندنی لەگەڵ تاڵیبان کرد. ئەوەش خراپترین شت بوو." دەشڵێت، هاوڕای بایدن بووم لە پرسی کشانەوە لە ئەفغانستان. 
 
لەباربردنی منداڵ 
 
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێت: "ئەگەر ترەمپ هەڵبژێردرێت، بە هەموو شێوەیەک لەباردنی منداڵ قەدەخە دەکات." دۆناڵد ترەمپ باس لەوە دەکات: "گوتەکانی کامالا هاریس لەبارەی بۆچوونم لەسەر لەباردنی منداڵ ناڕاستن." 
 
ئابووری 
 
کامالا هاریس دەڵێت: "دەمەوێت 50 هەزار دۆلار لە باج کەمبکەمەوە" و یارمەتیی "ئەو کەسانە دەدەین دەیانەوێت خانوو بکڕن." 
 
بەربژێری دیموکراتەکان دەشڵێت، "من بڕوام بەوەیە کە کۆمپانیا بچووکەکان بەهێز بکەم." 
 
کامالا "رەشپێستە"
 
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا: سەرەتا گوتم کامالا رەشپێست نییە، بەڵام دواتر خوێندمەوە دەرکەوت رەشپێستە. لەو بارەیەوە، کامالا هاریس، دەڵێت، ئەوەی ترەمپ دەیکات رەگەزپەرستییە. 
 
چاودێریی تەندروستی
 
کامالا هاریسی بەربژێری دیموکراتەکان دەڵێت، بە بەهایەکی گونجاو چاودێریی تەندروستی بۆ ئەمریکییەکان دابیندەکەم. 
 
لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، دەڵێت، "بە پارەیەکی کەمتر خزمەتگوزاریی باشتری تەندروستی پێشکێش دەکەین." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە