رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی فەرەنسا، لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتی دەستپێکردووە، لەلایەن پشکنەرانی پۆلیسی نیشتمانی و نووسینگەی سەنتەری قەڵاچۆکردنی تاوانی رێکخراو لە فەرەنسا، لەبارەی پڕۆسەی فرۆشتنەوەی زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی دزراو، کە دۆسێیەکانیان بەهاوکاریی ئەفسەرێکی پۆلیس شوێنبزرکراون.
بەگوێرەی زانیارییەکان تۆڕێکی بەقاچاخبردنی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی فرۆشتنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە دزراوانەی کردووە کە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەسەر دۆسێیەکانیان، بەو ئەفسەرە دراوە.
ئەفسەرەکە کە تەمەنی 31 ساڵە و لە دوو بنکەی پۆلیسدا کاریان کردووە، لەگەڵ 15 کەس لە هاوکارانیدا دەستگیرکراون، ، لەنێویاندا ساختەچییانی ناسراو و پسپۆڕانی پیشەسازی ئۆتۆمبێل هەن، کە پێشتر لای پۆلیس ناسراو نەبوون، ئەوان ئەرکی ژمارەکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر شان بووە.
تۆڕەکە زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی گرانبەهای لە بەلجیکا و فەرەنسا بەبەهای نزیکەی 3 ملیۆن یۆرۆ فرۆشتووەتەوە. پۆلیس 300 هەزار یۆرۆی دەستبەسەرداگرتووە، کە نیوە زیاتری لای ئەو کەسە بووە کە ژمارەکردنی ئۆتۆمبێلەکانیشی لە ئەستۆ بووە. پۆلیس هەروەها دەستی بەسەر 6 ئۆتۆمبێلی دزراودا گرتووە.
کاری تۆڕەکە بەو شێوەیە کراوە، ئەندامە ئاساییەکان، ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانیان لە شوێنی جیاواز دزیووە، کاتێک خاوەنەکانیان هەواڵی پۆلیسیانداوە لەبارەی ئۆتۆمبێلە دزراوەکانیانەوە، ئەفسەرەکەی پۆلیس تۆماری ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کۆمپیوتەرەکانی پۆلیسدا سڕیوەتەوە، بۆ ئەوەی چیدی پۆلیس بەداواچوونی بۆ نەکات و لەسەر رێگاکان بەشوێنیدا نەگەڕێت. پاشان ئۆتۆمبێلە دزراوەکان ژمارەکانیان گۆڕدراوە بۆ ژمارەی دیکە لەپێناو شوێنبزرکردنیاندا، تۆمارەکانیان دەستکاریکراوە و پاشان فرۆشراونەتەوە بەکەسانی دیکە.
سەرچاوەیەکی دادوەری ئاشکرایکردووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێل دیارنەماون، نرخی هەندێکیان لەسەرووی 20 هەزار یۆرۆ بووە، ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆمارە سەرەتاییەکانیان لای پۆلیس دیارنەماون، دواتر بەشێوازی دیکە تۆمارکراونەتەوە. وەک سەرچاوەکە گوتوویەتی، لەسەرەتای ساڵی 2017ەوە زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێل بەو شێوازە دیارنەماون.
تۆڕێکی فراوان
دەرکەوتنی سەرەداوەکانی تاوانەکە لە زانیارییەکەوە دەستپێکردووە، کە پۆلیسێک لە ناوچەی ڤێرسای گەیاندوویەتی. پۆلیسەکە ئاشکرایکردووە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی راگیراو لە قەراخ رێگەیەکدا سەرنجیان راکێشاوە، کە بەشێوەیەکی خراپ ژمارەکانیان لێبەستراوە، کاتێکیش بەدواداچوونی بۆ کردوون، دەرکەوتووە تۆماری ئەو ئۆتۆمبێلانە لە دۆسیەی ئۆتۆمبێلە دزراوەکاندا نییە. ئەو پۆلیسە دواتر نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رێکخراوی لە وردەکاری کارەکە ئاگادارکردووەتەوە.
دوای ئەو زانیارییانە، پۆلیس لێوردبوونەوەی بۆ دیارنەمانی دۆسیەی ئۆتۆمبێلە دزراوەکان، لە نێو تۆمارەکانی خۆیدا کردووە، لە کاتێکدا نە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان و نە ئەو کۆمپانیایانەی دڵنیاییان لەسەریان هەبووە، ئۆتۆمبێلەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، لەوێوە پشکنەرانی پۆلیسی نیشتمانی لێکۆڵینەوەیەکیان بەنهێنی دەستپێکردووە، چەندین مانگی خایاندووە. بەدواداچوونی تەکنیکی و دارایی بۆ گومانلێکراوەکان دەستیپێکردووە.
ئۆتۆمبێلەکەی دۆزراوەتەوە
یەکێک لە قوربانییەکانی تۆڕەکە، دەڵێت ئاگادارکراوەتەوە لەوەی ئۆتۆمبێلە دزراوەکەی دۆزراوەتەوە، بەڵام بەدەستی نەگەیشتووەتەوە، ئەو دەڵێت: "دەمویست بیفرۆشم، بەڵام ئەو کەسەی سویچەکانم دایە تاوەکو لێیبخوڕێت و ترای پێبکات، هەڵهات و نەگەڕایەوە".
ئەو کەسە پەیوەندی بەپۆلیسەوە دەکات، دواتر کۆمپانیای دڵنیاییەکە ئاگادار دەکاتەوە، کۆمپانیای دڵنیاییەکە پاشان نامەیەکی بۆ ناردووە تێیدا هاتووە: "دەسەڵاتداران ئاگاداریان کردووینەتەوە ئۆتۆمبێلەکەت دۆزراوەتەوە". بەڵام ئەو کاتێک چووەتە بنکەی پۆلیسی پاریس، بۆ وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی، پۆلیس پێیگوتووە ئۆتۆمبێلەکە نەدۆزراوەتەوە.
لەو نێوانەدا، دۆسیەی ئۆتۆمبێلەکە لە تۆماری ئۆتۆمبێلە دزراوەکان سڕدراوەتەوە، لە کاتێکدا رۆژنامەکە دەڵێت، "هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو جۆرە کارە بکات تەنیا پۆلیس نەبێت".
لەهەمان کاتدا، ئافرەتێک کە لە ناوچەی 'ڤال دو مارن' ژیاوە، سەرقاڵی کڕینەوەی هەمان ئەو ئۆتۆمبێلە بووە، بەبێئەوەی بزانێت ئەو ئۆتۆمبێلەی دەیەوێ بیکڕێتەوە، دزراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ