رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لە هۆشدارییەکی پێشوەختەدا دەڵێت، لە 2024، لانیکەم 181 ملیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتی و پاراستن دەبێت، هەروەها پێنجیەکی منداڵان لە ناوچەی شەڕ و تووندوتیژیدا دەژین و زیاتر لە 258 ملیۆن کەس دووچاری برسێتیی تووند بوونەتەوە، "بۆ ئەمەش پێویستمان بە 46 ملیار دۆلارە ئەگینا خەڵک بە ژیانی خۆیان باجی کەمیی بودجە دەدەن".
رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی – ئۆچا رایگەیاند، "لە 2024 پێویستمان بە دابینکردنی 46 ملیار دۆلارە، چونکە داتاکان پێمان دەڵێن، 181 ملیۆن کەس لە 77 وڵاتی جیاوازەوە پێویستیان بە یارمەتیی مرۆیی و پاراستن دەبێت".
نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ساڵی 2023ـەوە دەڵێت، "لانیکەم 128 ملیۆن کەس یارمەتییان لە نووسینگە و ئاژانسە جیاوازەکانی رێکخراوەکەمانەوە وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی کەمیی پاڵپشتیی داراییەوە دەستمان بە ملیۆنان خەڵکی دیکە نەگەیشتووە".
ئۆچا داتای زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "لە 2023دا لە هەموو 5 منداڵێک، یەک منداڵ لە ناوچەی تووندوتیژی و شەڕ ژیاوە، هەروەها زیاتر لە 258 ملیۆن کەس دووچاری برسێتیی تووند بوونەتەوە".
بەگوێرەی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی، "لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، ژمارەی ئاوارەکان دوو هێندە زیادیان کردووە و ئێستا لە هەموو 73 کەسێک، یەک کەس کاریگەریی ئاوارەبوونی لەسەرە. هەروەها، پەتا و دەردە کوشندەکان دەبنە هۆی مردنی خەڵکێکی زۆر لە سەرانسەری جیهاندا".
مارتن گریفیسس، جێگری سکرتێری گشتی بۆ کاروباری مرۆیی و رێکخەری فریاگوزاری لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "کارمەندانی مرۆیی خەریکی رزگارکردنی ژیان، بەرەنگاربوونەوەی برسێتی، پاراستنی منداڵان، رێگریکردن لە پەتاکان و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و پاکوخاوێنین لە زۆرێک لە نامرۆڤانەترین ناوچەکانی جیهاندا".
بەگوێرەی گریفیسس، پاڵپشتیی پێویست لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هاوسەنگ نییە لەگەڵ پێداویستییەکان.
بەرپرسە مرۆییەکە رایگەیاند، "لە 2023دا بڕی 20 ملیار دۆلار بەخشراوە و سوپاسی بەخشەرەکان دەکەم، بەڵام ئەوە سێیەکی پێداویستییەکانی 2023 بوو، ئەگەر لە 2024 نەتوانین زیاتر دابین بکەین ئەوا خەڵک بە ژیانی خۆیان باج دەدەن".
گریفسس لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، " لە ساڵی 2023دا، کەمیی بودجە بووە هۆی ئەوەی رێکخراوە مرۆییەکان کەمتر لە دوو لەسەر سێی دانیشتووانی مەبەستیان خزمەت بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ